وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ تاوتوێکردنی کێشەی ئیسرائیل و غەززە سەردانی لوبنان دەکات

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران

K24 - هەولێر

باڵیۆزی ئێران لە لوبنان رایگەیاند، کە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، دەچێتە لوبنان بۆ تاوتوێکردنی کێشەی نێوان ئیسرائیل و کەرتی غەززە.

ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ـی ئێران لە زاری باڵیۆزی ئێران لە لوبنان بڵاویکردەوە، "بەهۆی رووداوەکانی ئێستای فەڵەستین و ئەو تاوانانەی لەدژی غەززە ئەنجامدراون و کاردانەوە مەترسیدارەکانیان، ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزیری دەرەوە گەشتەکەی دەستپێدەکات".

لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی "نورنیوز" سەر بەباڵاترین دەزگای ئەمنی ئێرانە، رایگەیاند، سەرۆک کۆماری ئێران و سووریا داوا لە وڵاتانی ئیسلامی دەکەن، هەڵوێستێکی یەکگرتوو بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکان بگرنەبەر.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە هاوتا سووریەکەی، بەشار ئەسەدی گوتووە: "دەبێت وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی و هەموو مرۆڤە ئازادەکانی جیهان، لەسەر هەڵوێستێکی یەکگرتوو رێکبکەون بۆ راگرتنی تاوانەکانی ئیسرائیلییەکان، لەدژی گەلی فەڵەستین".

بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەرئیسرائیل، کە زیاتر لە هەزار و 200 کوژراوی لێکەوتەوە، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل بەچڕی هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزارو 500 کەس کوژراون و پێنج هەزار کەسیش بریندار بوون.