هیومان رایتس وۆچ: ئیسرائیل لە غەززە بۆمبی فۆسفۆڕی بەکارهێناوە
K24 – هەولێر:
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ هۆشداری لەبارەی دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە دەدات رایگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بۆمبی فۆسفۆڕی بەکارهێناوە.
لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس، رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ باسی لەوەکردووە، دوای لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەک ڤیدیۆی تۆمارکراوی ئەو مووشەکانی ئاراستەی بەندەری غەززە کراون، بۆیان دەرکەوتووە ئەو ماددەیەی لە مووشەکەکاندا هەیە، لە جۆری فۆسۆڕی سپی قەبارە 155 مللیگرامییە، ئەوەش بەهۆی ئەو دووکەڵە سپیەی لەدوای بۆردومانەکان بەرزبووەتەوە.
لە بەرامبەر ئەو راگەیەندراوەی ئەو رێکخراوەی مافی مرۆڤیش، سوپای ئیسرائیل تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە بەکارهێنانی بۆمبی فۆسۆڕی سپی لە غەززە نییە.
هاوکات رۆژنامهى تایمزى بهریتانى رۆژی پێنجشهممه (12ـى تشرینى یهكهمى 2023) بڵاویكردهوه، بهریتانیا دوو كهشتى جهنگى هێزهكانى دهریایى وهك پشتیوانى بۆ ئیسرائیل رەوانەی ناوچەکە دەکات لهگهڵ فڕۆكهى چاودێرى بۆ ئهوهى بهردهوام چاودێرى ئاسمانى ئیسرائیل بكات.
ههر له چوارچێوهى ههوڵه نێودهوڵهتیهكان بۆ پشتیوانى له ئیسرائیل، ئهنتونى بلینكن وهزیرى دهرهوهى ئهمەریكا له كۆنفرانسێکی رۆژنامهوانیدا له تهلئهڤیڤ رایگهیاند، سهردانى سعوودیه، میسر، ئیمارات، ئوردهن و قهتهر دهكات.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.
بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 7ـی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە) نزیکەی هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، هەزار و 417 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش، 423 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە پەناگەکاندا بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە.