جارێکی دیکە کەمپی مەخموور بۆردوومان کرا

دیمەنێکی دوای بۆردوومانەکە
دیمەنێکی دوای بۆردوومانەکە

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ هەینی 13ـی ئۆکتۆبەر، جارێکی دیکە کەمپی مەخموور لەلایەن فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی تورکیاوە بۆردوومان کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هێرشەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی تورکیا پێگەیەکی لە کەمپی مەخموور بۆردوومان کرد.

بەپێی سەرچاوەکە، شوێنی بۆردوومانەکە نزیک هەمان شوێنی ئەم هەفتەیەیە کە تورکیا بۆردوومانی کرد.

بەگوێرەی زانیاریەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە دەکەوێتە نێوان مزگەوت و یاریگای کەمپەکەکە و کاتی بۆردومانەکە کاتژمێر9:10 خولەکی بەیانی بووە.

درۆنەکەی تورکیا لە کەمپی مەخموور کۆبوونەوەیەکی ئەندامانی پەکەکەی بەئامانج گرتووە و بەهۆی بۆردوومانەکەوە دوو چەکداری پەکەکە گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندارن.

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەمە دووەم جارە لەلایەن فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی تورکیاوە کەمپی مەخموور بۆردوومان دەکرێت، یەکەم بۆردوومانی ئەم هەفتەیە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر بوو، کە تێیدا دوو چەکداری پەکەکە کوژران و سێ چەکداری دیکەش بریندار بوون.

کەمپی مەخموور کە لەلایەن پەکەکە بە "کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی" دەناسێنرێت، نزیکەی 20 هەزار کەس لێی نیشتەجێن کە لایەنگر و کەسوکاری گەریلاکانی پەکەکەن. پێشتر چەندین جار ئەو کەمپە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومان کراوە و زیانی گیانی و ماڵی لێکەوتووەتەوە.