پەیەدە ئۆفیس لە واشنتن دەكاتەوە

K24 - ھەولێر

بەرپرسێکی باڵای پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) ئاشکرای کردووە کە پارتەکەیان بەم نزیکانە ئۆفیسی فەرمی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا دەکاتەوە.

سیھانۆک دیبۆ، راوێژكاری ساڵح موسلیم ھاوسەرۆكی پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان بە ئاژانسی سپۆتنیکی رووسی، راگەیاندووە کە لەماوەی سێ مانگی داھاتوودا، ئۆفیسی فەرمیان لە پایتەختی ئەمریکا دەکەنەوە و ئاشکراشی کرد کە مەبەست لەو ئۆفیسە ئەوەیە کە بەرپرسان و ئیدارەی ئەمریکا ئاگادار بکەنەوە لە رەوشی رۆژئاوای کوردستان و پەیوەندی نێوان پەیەدە و ئەمریکا پتەو بکەن.

ھەروەھا ئەو بەرپرسەی پەیەدە ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا، وڵاتێکی گرنگە بۆ رۆژئاوای کوردستان و پێکەوەش رووبەڕووی چەکدارانی داعش بوونەتەوە و گوتیشی، پەیەدە دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیھان بەھێز بکات.