ژمارەیەک پارێزەری کورد لە لاهای بەشداری لە کۆڕبەندی جیهانیی یاسایی دەکەن

K24 - لاهای

شاندێكی پارێزەرانی ھەرێمی كوردستان بە سەردانێك لە شاری لاھای ھۆڵەندان و بەشداری کۆڕبەندی جیهانیی یاسایی دەكەن، بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی پارێزەرانی دادگاكانی لاھایی و ژیری دەستكرد وەرگرن.

محەممەد مەنتک، یەکێکە لەو پارێزەرە کوردانەیە لەگەڵ 21 پارێزەری دیكەی هاوپیشەی لە هەرێمی کوردستان چوونەتە لاهای و بەشداریان لە کۆڕبەندی جیهانیی یاسایی کردووە، بە ئامانجی ئەوەی ئەزموون و یاسای نوێ لە كۆڕبەندەكەدا فێرببن، ئەو بە کوردستان24ی گوت: "سەردانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیمان کرد، چەندین یاسا و ئەزموونی نوێ لەوێ فێر بووین".

پارێزەرانی کورد ئاشکرای دەکەن، ئەو کۆڕبەندە گرنگی زۆری هەبوو، چونکە ئەوان شارەزای ژیری دەستکرد بوون لە بواری کاروباری یاساییدا و ئەم ئەزموونەش دەگوازنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

یەکێکی دیکە لە پارێزەرە بەشداربووەکانی کۆڕبەندەکە بەناوی پێشەنگ زوهێر، دەڵێت: "گرنگی بەشداربوونمان لەو کۆڕبەندە ئەوەیە بزانین چۆن زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنین، چونکە تا ئێستا لای ئێمە نییە، هاتووین لێرە سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین".

"لە دادگاکانی ئەوروپا زیرەکی دەستکرد براوەتە ناو کاروباری دادگاکان، ئێستا ئەوان لە حاڵەتگی فۆرمەلەکردنی ئەو بابەتەن، بەڵام هێشتا لای خۆمان ئەو ئەزموونە نییە"، ئەمە قسەی میران عوسمان پارێزەرێکی کوردە لە کۆڕبەندی جیهانیی یاسایی.

کۆڕبەندی جیهانی یاسایی، ساڵانە ئەنجام دەدرێت و ئەمساڵ چوارەم ساڵە و زیاتر لە 175 پارێزەر، دادوەر، کەسانی ئەکادیمی و پسپۆران لە 30 وڵاتی جیهانەوە بەشداریان تێیدا کردووە.