لە هەولێر دوو پرۆژە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی ئەنجام دەدرێت

پرۆژەی پاراوکردنی ئاوی ژێرزەوی - هەولێر
پرۆژەی پاراوکردنی ئاوی ژێرزەوی - هەولێر

K24 – هەولێر:

بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەمئاوی، لە شاری هەولێر سوود لە ئاوی زیادی سەرزەوی و لافاو وەردەگیرێت و لە رێگەی پرۆژەی پاراوکردنەوە ئەو ئاوە دەگوازرێتەوە بۆ ژێرزەوی.

بۆ گواستنه‌وه‌ى ئاوى زیادى سه‌ر زه‌وى و لافاو بۆ ژێرزه‌وى، دووه‌م قۆناغى پرۆژه‌ى پاراوكردنى ئاوى ژێرزه‌وى له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى سه‌رچاوه‌كانى ئاوى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێكرا.

لەلایەن خۆیەوە، كاروان سه‌باح هه‌ورامى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى سه‌رچاوه‌كانى ئاو لە وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به کوردستان24ـی راگه‌یاند، قۆناغى دووه‌مى پرۆژه‌ى پاراوكردنى ئاوى ژێرزه‌وى له‌ تارین به‌ لێدانى بیرى قوڵ جێبه‌جێكرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى قۆناغى یه‌كه‌مى پرۆژه‌كه‌ له‌ داره‌توو به‌ بیرى كه‌م قوڵ جێبه‌جێكراوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجى هه‌ردوو پرۆژه‌كه‌ش گواستنه‌وه‌ى ئاوى زیادى سه‌رزه‌وى و لافاوه‌ بۆ ژێرزه‌وى، له‌ هه‌ردوو ناوچەکە‌ش، بیرى چاودێرى و ئامێرى تایبه‌ت دابینكراون بۆ چاودێریکردنی پرۆژه‌كه و ئەنجامدانی پرۆسەی گواستنەوەی ئاو بۆ ژێرزەوی‌.

هەروەها به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى سه‌رچاوه‌كانى ئاو ئاشكراى كرد، پرۆژه‌ى پاراوكردنى ئاوى ژێرزه‌وى، كارێكى هاوبه‌شى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و رێكخراوى یونسێفە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئه‌گه‌ر پرۆژە‌ى پاراوكردنى ئاوى ژێرزه‌وى لە هەولێر سه‌ركه‌وتوو بێت، پلان هه‌یه‌ له‌ ته‌واوى هەرێمی كوردستان جێبه‌جێ بكرێت.

0
0