پەرلەمانی عێراق ئیدانەی هێرشەکانی سەر غەززە دەکات

K24 – هەولێر:

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لە پەرلەمانی عێراق تاوتوێی پرسی فەڵەستین کرا و  سەرۆکی فراکسیۆنەکان جەختیان لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆیان بەرامبەر فەڵەستین کردەوە و ئیدانەی هێڕشەکانی سەر غەززە و تاوانە دڕندەکانی رژێمی زایۆنیزمیان کرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پەرلەمانی عێراق داوای لە کۆمکاری عەرەبی کردووە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکان بۆ سەر غەززە ئەنجام بدات و رێرەوێکی مرۆیی بەپەلە بکرێتەوە.

بازنەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئاشکراشی کردووە، فراکسیۆنەکانی پەرلەمان جەختیان لە درووستکردنی دەوڵەتی فەڵەستین و پاراستنی مافی فەلەستینییەکان کردەوە.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکانیان بڕی و لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک، ماوەی هەفتەیەکە رۆژانە کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات.

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەزار و 900 کەسی تێپەڕاندووە؛ لەنێویاندا 614 منداڵ و 370 ژن هەن، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی هەشت هەزار کەس.

هەروەها بە گوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، ئەو کەسانەی لەو وڵاتە بەهۆی هێرشی حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە سەرووی هەزار و 400 کەس، لەو ژمارەیەش 200ـیان سەربازن.

لەلای خۆیەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، زیاتر لە 400 هەزار کەس لە کەرتی غەززە ئاوارەبوون و کۆچکردنی خەڵکی باکووری کەرتی غەززە بەرەو ناوچەکانی باشوور بەردەوامە.