ڤیان سەبری: پارتی رژدە لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە

یان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
یان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رژدە لەسەر هەموارکردنەوەی یاسایی بودجە بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان بە تەواوی رەوانە بکرێت.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، یاسای بودجە کۆمەڵێک خاڵ و بڕگەی تێدایە کە دژی هەرێمی کوردستانە و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا نەبوو بەو شێوەیە پەسەند بکرێت، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان رژدە لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە.

به‌ره‌به‌یانی هه‌ینی (15ـی ئه‌یلوولی 2023) سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان رایگه‌یاند، كۆمه‌ڵێك كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆككۆمار و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان كردووه‌ و دوو پێشنیازیان خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ یه‌كێكیان درێژخایه‌نه‌ و ئه‌ویدیكه‌یان كورتخایه‌نه‌.

سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی هاوكات باسی له‌وه‌ كرد، پێشنیازه‌ درێژخایه‌نه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ یاسای بوودجه‌ و هه‌مواری به‌شێك له‌ مادده‌ و بڕگه‌كانی، كه‌ ئه‌مه‌ كاتی زۆرتری پێویسته‌ و له‌ داهاتوودا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە گوتی: "دەمانەوێت پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە جیابکرێتەوە و لە کۆی داهاتی عێراق خەرجبکرێت".

رۆژی (6ـی تشرینی یەکەمی 2023)، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ چارەسەرە درێژخایەنەکەی کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەرپرسانی ناو حکومەتی عێراق پێشنیازی کردبوو، لیژنەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق پێکهێنراوە کە بەپەلە یاسیای بودجە هەموار بکەنەوە، چونکە ئەو بابەتەی کە پێی دەڵێن خەرجی راستەقینە زیانێکی زۆری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە.

ڤیان سەبری ئاشکراشی کردووە، جگە لە مووچەی سێ مانگەی کە عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی رەوانە دەکات، پێویستە حکومەتی عێراق مووچەی دوو مانگی دیکەش بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکات.

پێشتریش ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، حکومەتی فیدراڵی پارەی دوو مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان قەرزدارە جگە لەو سێ قەرزەی کە بۆ هەرێمی رەوانەی دەکات. گوتبووشی: "پێموایە ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی بەو شێوەیە بەردەوام بێ قەرزێکی دیکە پەسەند دەکرێت کە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینارە بۆ سێ مانگی داهاتوو بۆ ئەوەی پێدانی مووچە لەمساڵ تەواو بێت، بە دڵنیاییەوە ئەم رێکەوتنە بۆ ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێت".