جووتیارانی مەخموور رێگەی هەولێر – مەخموور دادەخەن

لە بازگەی هێزە عێراقییەکان داوای سەرانە لە جووتیارانی مەخموور دەکرێت

K24 - هەولێر:

بەهۆی ئەوەی لە بازگەی هێزە عێراقییەکان رێگەیان پێنادرێت بنەتۆ و دەرمانی کشتوکاڵی لەگەڵ خۆیان بهێنن، جووتیارانی مەخموور رێگەی هەولێر – مەخمووریان داخست.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، هێزە عێراقییەکان داوای سەرانە دەکەن و تەنیا بە پێدانی بڕێک پارە رێگە بە جووتیارانی مەخموور دەدەن بنەتۆ و پەین لەگەڵ خۆیان بهێنن.

لەبەرانبەر ئەم کارەی هێزە عێراقییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی ئۆکتۆبەر، جووتیارانی مەخموور بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، رێگەی نێوان بازگەی بازارگە و بازگەی هێزەکانی عێراقیان داخست.

یەكێک لە جووتیارەکان بە کوردستان24ی راگەیاند، ئێستا وەرزی تۆوکردنی زەوییەکانیانە و پێویستیان بە بردنی بنەتۆ و پەین هەیە کە لە هەولێرەوە بۆ مەخموور بیبەن، بەڵام لە بازگەی سوپای عێراق رێگریان لێدەکرێت و تەنیا بە پێدانی پارە و سەرانە رێگەیان پێدەدرێت پێداویستییەکانیان دەرباز بکەن.

گوتیشی: سەردانی دەزگای هەواڵگریی عێراقیان کردووە بۆ ئەوەی بە نووسراوی فەرمی بتوانن پێداویستییەکانیان دەرباز بکەن، بەڵام سوپای عێراق هەر رێگرە و کێشەیان بۆ دروست دەکات.

هەروەها رزگار محەممەد، قایمقامی مەخموور بە کوردستان24ی راگەیاند، چەند رۆژێکە بە نووسراوی فەرمی جێگری پارێزگاری نەینەوا و پەرلەمانتاران فەرماندەی فیرقەی سوپای عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بابەتەکە دراوەتە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و رەزامەندیان داوە بۆ ئەوەی تایبەتمەندییان پێبدرێت، گوتیشی: بەم نزیکانە کێشەکە چارەسەر دەکرێت.