ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژەیاسایەک دەکات

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە
کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق
کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە 15/10/2023، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند و پرسێک و دەنگدان لەسەر ژمارەیەک پڕۆژەیاسا کۆدەبێتەوە.

بەگوێرەی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە، گرنگترین ئەو پڕۆژەیاسانەی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دەدات، بریتین لە پڕۆژەیاسای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لەو بارەیەوە.

هەر لەدانیشتنەکەدا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەیوەندیکردنی عێراقە بە رێکخراوی پەرەپێدانی ژنان دەکات، بە ئامادەبوونی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.

وەک لە بەرنامەی کاری دانیشتنەکە دیاریکراوە، بڕیارە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کاتژمێر یەکی دوانیوەڕۆ دەست پێبکات.

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممە 14/10/2023، پەرلەمانی عێراق تاوتوێی پرسی فەڵەستین کراوە و سەرۆکی فراکسیۆنەکان جەختیان لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆیان بەرامبەر فەڵەستین کردەوە، هەروەها ئیدانەی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززەیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکراوە، پەرلەمانی عێراق داوای لە کۆمکاری عەرەبی کردووە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکان بۆ سەر غەززە ئەنجام بدات و رێرەوێکی مرۆیی بەپەلە بکرێتەوە.