وەزیری ناوخۆی عێراق گەیشتە هەولێر

کۆبوونەوەی هەردوو وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق
کۆبوونەوەی هەردوو وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق

K24 - هەولێر

بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، وەزیری ناوخۆی عێراق گەیشتە هەولێر.

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی ئۆکتۆبەری 2023، عەبدولئەمیر  شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق گەیشتە هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێ کرا.

پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی وەزیری ناوخۆی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بەشداریکردنە لە کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەبچێت.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان دوو ئامانجی لە رێکخستنی کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان هەیە؛ یەکەمیان، بەدەستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان و، دووەمیشیان، رێگریکردن و توندتۆڵکردنی رێوشوێنەکان لە دژی بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کودستان بۆ ئەوەی ئەم ماددە مەترسییانە زیاتر بڵاونەبنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا بێجگە لە تاوتوێکردنی پرسی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، هەردوو وەزیری ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێکی دیکەی تایبەت بە هەردوولا دەکەن، لەنێویاندا رێککەوتنی شنگال و رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراق.

 

 

دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ، (1-5-2023) تا رۆژی چوارشەممە (9ـی ئابی 20323)، زیاتر لە 710 کەس بە تۆمەتی کڕین، فرۆشتن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکراون و رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە بۆ ئەوەی لێپێچێنیەوەی یاساییان لەگەڵدا بکرێت.

ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارساڵی رابردوودا رێژەی بەکارهێنان، کڕین و فرۆشتن بە مادەی هۆشبەر دوو هێندە زیادی کردووە. روونیشیکردەوە، تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووزی ئەمساڵ، هەزار و 212 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستیگیرکراون، هەروەها ئەمساڵ 147 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.

ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەوە دەردەخەن؛ لە ساڵی 2021، لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەزار و 943 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون و لە ساڵی 2022ـش ژمارەی ئەوانەی دەستگیرکراوان، بوو دوو هەزار و 103 کەس بەرزبوووەوە.

بەپێی ئامارەکان، 80%ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە و 10%ـی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکانیش ئافرەتن و 4%ـیش تەمەنیان خوار 18 ساڵە.

سزای بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان

بە پێێ ماددەی 26ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، کە پەرلەمانی کوردستان دەریکردووە، ئەو کەسانەی بازرگانی بە مادددەی هۆشبەرەوە دەکەن، سزاکەیان بە زیندانی هەتا هەتایی دەستپێدەکات، هەروەها پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 90 ملیۆن دیناری عێراقیش زیاتر نەبێت. بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانیش، بە زیندانیکردن بۆ ماوەی ساڵێک تاوەکو سی ساڵ سزادەدرێت، هەروەها بە پێبژرادنێک کە لە 15 ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت.