بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەڕێوەدەچێت
K24 – هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە 15/10/2023، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
لە کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە ئامادەبووان وتاریان دەبێت، دواتر چەند پانێڵێک بەڕێوەدەچن، لە پانێڵی یەکەم بەناونیشانی "رۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان" تێیدا ژمارەیەک وەزیری و بەرپرسی پەیوەندیدار وەک قسەکەر گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەکەن.
لە پانێڵی دووەمدا بە ناونیشانی "رۆڵی لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە یارمەتیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان" ژمارەیەک لە نوێنەری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراو و دامەزراوەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ قسەکەری پانێڵەکە دەبن.
هەروەها بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لەگەڵ نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان، و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئامادەی کۆڕبەندەکە دەبن.
دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند "ئەو کۆڕبەندە هەنگاوێکە بەرەو بەرەنگاربوونەوەی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە و شیاندنەوەی قوربانییەکان، کە لە ئێستادا ژمارەی ئالودەبووانى ماددەی هۆشبەر لە زیادبووندایە. ئامانج لەم کۆڕبەندە بریتییە لە دانانی کارنامە و جەختکردنەوە لەسەر پێویستیمان بە رێوشوێن و رێکارى گشتگیر بۆ رێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی خێرای بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەکەدا".