وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی: لەم کابینەیەدا شۆڕشمان بەسەر گەندەڵیی ناو چاکسازییەکاندا ئەنجامداوە

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایدەگەیەنێت، لەماوەی کابینەی نۆیەمدا، توانیویانە "شۆڕش بەسەر گەندەڵی ناو چاکسازییەکان" ئەنجامبدەن و دەڵێت، "یەک لەسەر پێنجی ئەو سزادراوانەی لە چاکسازییەکانمانن، سزاکەیان ماددەی هۆشبەرە و ئەمە بەڕاستی مەترسیدارە".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی ئۆکتۆبەری 2023، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە پانێلێکی (کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان)، لەبارەی کار و چالاکییەکانی وەزارەتەکەیان لەناو چاکسازییەکان؛ چارەسەرکردنی ئالوودەبوو و تووشبووانی ماددەی هۆشبەر؛ رێگریکردن لە هاتنەناوەوەی ماددە هۆشبەرەکان بۆ هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەندیدار قسەیکرد.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: "بە گوێرەی دوایین ئاماری بەردەست؛ تاوەکو ئەمڕۆ، پێنج هەزار و 283 کەس لەلای ئێمە سزادراون؛ لەم ژمارەیە هەزار و 97 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان سزادراون کە 74ـیان لە رەگەزی مێ و هەزار و 23 کەسی دیکەشیان لە رەگەزی نێرن. لەمانەش 480ـیان بازرگان و 617ـی دیکەشیان بەکاربەری ماددەی هۆشبەرن".

بە گوتەی کوێستان محەممەد، "یەک لەسەر پێنجی ئەو سزادراوانەی لە چاکسازییەکانمانن، سزاکەیان ماددەی هۆشبەرە و ئەمە بەڕاستی مەترسیدارە. ئەم ئامارەی لەبەردەستمانە، ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە سزادراون واتا دادگایی کراون دواتر هاتوونەتە چاکسازییەکانمان. لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ژمارەیەکی هاوشێوە هەیە کە ڕاگیراون و چاوەڕێی رۆژی دادگاییکردنیانن". 

ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، "تێروانینمان وایە ئەوەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنێت، نەخۆشە نەک تاوانبار، بەڵام تاوەکو ئێستا یاساکان وا مامەڵەیان کردووە کە ئەوانەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، وەک تاوانبار تەماشە بکرێن، مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و سزا بدرێن و، دواتر بنێدرێنە چاکسازییەکانی ئێمە تا ئەو کاتەی ماوەی سزاکەیان تەواو ببێت".

لەبارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لەناو چاکسازییەکاندا، کوێستان محەممەد گوتی، "ئەو چاکسازییانەی لەماوەی ئەم کابینەیەدا لەناو چاکسازییەکاندا کردوومانە، دەتوانین بە 'شۆڕشێک بەسەر گەندەڵی لەناو چاکسازییەکاندا' ناوی ببەین؛ هەر لە گۆڕینی کۆمەڵێک بەرپرسەوە، لە ریزبەندیکردنی سزادراوەکانەوە و لە دابینکردنی پێداویستییەکانیانەوە".

هەر لەبارەی چاکسازییەکانی ناو چاکسازییەکان، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەوەی خستەڕوو، "سەیرنەبێ بەلاتانەوە شەش چاکسازیمان هەبووە، سوونەریان نەبووە. سوونەر بۆ ئەوە بەکاردێت کە ئەو کەلوپەلانەی دەبرێنە ژوورەوە  بزانرێت ماددەی هۆشبەریان تێدایە یان نا. ئێستا ئێمە لەو شەش چاکسازییە هەر یەکەیان دوو سوونەرمان بۆ دابینکردوون."

بە گوتەی کوێستان محەممەد، "لە ماوەی کابینەکانی رابردوودا کۆمپانیاکانی خۆراک، حانووت و کارمەندی چاکسازییەکان ماددەی هۆشبەریان بردووەتە ژوورەوە. ئێستا بە هەموو شێوەیەک رێگریمان کردووە لە بردنە ژوورەوەی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ناو چاکسازییەکان و، ئەو کارمەندانەی تێوەگلاون، سزادراون، بەڵام هێشتا ئەوانەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، پەنا دەبەنە بەر کەسوکاریان بۆ ئەوەی ماددەی هۆشبەریان بۆ ببەنە ژوورەوە، چونکە لاشەیان هێشتا پێویستیی پێیەتی".

کوێستان محەممەد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو: "لەناو چاکسازییەکاندا کە ئێمە مامەڵە لەگەڵ سزادراوانی ماددە هۆشبەرەکان دەکەین، هەوڵ دەدەین چۆن شیاندنەوەیان بۆ بکەین، چۆن بتوانین رایانهێنینەوە بۆ ناو کۆمەڵگە و چۆن لە ماددەی هۆشبەر رزگاریان بکەین. ئەمە ئەرکێکی یەکجار قورسە بۆ چاکسازییەکانی ئێمە لە کاتێکدا زۆر جار ئاستەنگ لەنێو چاکسازییەکان دێنە بەردەممان، لەوانەش بچووکی قەبارەی چاکسازییەکان".

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەش دا: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 22 چالاکی جۆراوجۆرمان لەناو چاکسازییەکاندا هەبووە لە سیمینار، کۆنفرانس، کۆبوونەوەی گرووپ و تەنانەت کۆبوونەوەی تاکەکەسی لەگەڵ سزادراونی ماددەی هۆشبەر. لەم 22 چالاکییەکە، 577 سزادراوی ماددەی هۆشبەر سوودمەندبوون، بەڵام شیاندنەوەی ماددەی هۆشبەر و چارەسەری، تەنها بە قسەکردن، دانیشتن و سیمینار چارەسەر نابێت، پێویستە لەگەڵیدا چارەسەر وەربگرێت وەکو وەرگرتنی دەرمان یان ماددەی هۆشبەر بە ژەمێکی کەم، بەڵام لە نەخۆشخانەی ئێمە ئەم چارەسەرکارانە نین، لای ئێمە تەنها قسە هەیە. ئەگەر ئەم چارەسەرکارانە لە هەرێمی کوردستان بوونیشیان هەبێت، ژمارەیان زۆر کەمە. ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە کێشەکانی بەردەممان".