بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ماددە هۆشبەرەکان: خواست و خستنەڕووی ماددە هۆشبەرەکانمان کەمکردووەتەوە

لیوا حوسێن نامیق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ماددە هۆشبەرەکان
لیوا حوسێن نامیق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ماددە هۆشبەرەکان

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، توانیویانە خواست و خستنەڕووی ماددە هۆشبەرەکان کەم بکەنەوە و ژمارەیەکی زۆریش لەو بازرگانانەیان دەستگیرکردووە کە لە سنوورەکانەوە ماددەی هۆشبەر دێننە هەرێمی کوردستان.

لیوا حوسێن نامیق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە پانێڵی یەکەمی کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر گوتی: "هەموومان باسی ئەوە دەکەین ئەوانەی تووشی ماددە هۆشبەرەکان بوونە چۆن چارەسەریان بکەین، کە تائێستا چارەسەرمان نەکردوون، بەڵام کێشە ئەوەیە چۆن خەڵکی دیکە تووش نەبێت، دەبێ لێرەوە دەست پێبکەین، ئەگەر رۆژانە 10 کەس چارەسەر بکەین راستە زۆریان چارەسەر دەکرێن، بەڵام لەولاشەوە خەڵکێکی زۆر تووشبێت واتە هیچمان نەکردووە".

گوتیشی: "ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ماددە هۆشبەرەکان لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان، ئیشمان لەسەر ئەوە کردووە خستنەڕوو و خواستی ماددە هۆشبەرەکان کەم بکەینەوە، چونکە بازرگانی ماددەی هۆشبەریش بازرگانی پێوە دەکرێت، نرخی ماددەی هۆشبەرمان لە سەدا 400 کەمکردووەتەوە بۆ ئەوەی خواستی لەسەر نەبێت، زۆرترین بازرگانمان دەستگیرکردون، ستراتیژیەتی کارکردنمان لەسەر دەستگیرکردنی بازرگانەکان و هوردەفرۆشەکان، ئەوەی دەفرۆشێ و خەڵک تووش دەکات ئەوانە مەترسیدارن، زۆرترین کێشەکانی ناو شار ئەوانەی تەقە دەکەن و کێشە دروست دەکەن و کاری نەشیاو هوردە فرۆشەکانن، دەستگیرکردنیشیان زەحمەتترە و زۆربەی جار رووبەڕووبوونەوە دروست دەبێت، بەڵام دەستگیرکردنیان وایکردووە خستنەڕووی ماددەی هۆشبەر کەمبێتەوە، بەگوێرەی ئەو داتایانەی لە بازگەکان بۆمان دێت لەم ماوەیەدا تووشبووی نوێی ماددەی هۆشبەرمان نییە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە دەستیان ناکەوێت".

لیوا حوسێن نامیق، باسی لەوەشکرد، کە ئیشی زۆریشیان لەسەر ئەو بازرگانانە کردووە کە لە سنوورەکان ماددەی هۆشبەر دێننە ناو هەرێمی کوردستان، دەڵێت: "ژمارەیەکی زۆر لەوانەمان دەستگیرکردون کە ماددەی هۆشبەر لە سنوورەکان دێنن، رێکارە یاساییەکانمان بە شێوەیەکی واکردووە کە لە دادگا نەتوانن خۆیان رزگار بکەن، چونکە تەنیا دەستگیرکردن گرنگ نییە، چونکە ئەگەر کەموکوڕی لە پەڕاوەکەیدا هەبێت ئەو کەسە دەتوانێت خۆی لە یاسا رزگار بکات".

دەشڵێت: "بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر هەماهەنگی باشمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ماددەی هۆشبەری بەغدا دروستکردووە، زانیاری ئاڵوگۆڕ دەکەین و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەکەین، هەروەها لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی سلێمانیش هەماهەنگیمان هەیە، چونکە رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دوورە لە سیاسەت".

ئاماژەی بەوەشدا، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و لە مەترسی و زیانەکانی ماددە هۆشبەرەکان گرنگترین شتە و پێویستە لە رێگەی کەناڵەکانی راگەیاندن کاری بۆ بکرێت.