وەزیری پەروەردە: لە رێگەی پرۆگرامەکانی خوێندنەوە مەترسی ماددە هۆشبەرەکانمان باسکردووە

ئالان حەمە سەعید
ئالان حەمە سەعید

K24 - هەولێر

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی پەروەردە کاری کردووە لەسەر ستراتیژیەتێک کە پێی دەگوترێت، ستراتیژییەتی پەروەردەی ویقایی، کە لە رێگەی پرۆگرامەکانی فێرکردنەوە، بابەتی ماددە هۆشبەرەکان کە بابەتێکی مەترسیدارە لە ناو پرۆگرامەکانی خوێندن لە دیوێکی فێرکاریدا باسبکەین.

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمە سەعید، لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵی دووەم لە کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر رایگەیاند، ناوەندەکانی خوێندن لە پرۆسەی مرۆڤ سازیدا لەسەر سی پایەی سەرەکیدا کاردەکەن، (پایەی درک پێکردن، پایەی ویژدانی، پایەی کارامەییەکان) ئەمەش کاری تازەی وەزارەتی پەروەردەیە لەناو ناوەندەکانی خویندن کە کاریگەری بکات لەسەر مرۆڤ سازی.

ئاماژەی بەوەشکرد: وەزارەتی پەروەردە کاری کردووە لەسەر ستراتیژیەتێک کە پێی دەگوترێت( ستراتیژییەتی پەروەردەی ویقایی) ئەم ستراتیژییەتە، کە ئێمە لە کابینەی نۆیەمدا گرتوومانەتە بەر لەسەر چەند پاییەکی گرنگ وەستاوە.

گوتیشی: یەکێک لەو پایانە فێرکارییە، کە مەبەستم ئەوەیە لە رێگەی پرۆگرامەکانی فێرکردنەوە، بابەتی ماددە هۆشبەرەکان کە بابەتێکی مەترسیدارە لە ناو پرۆگرامەکانی خوێندن لە دیوێکی فێرکاریدا باسبکەین، هەروەها پایەی دووەم بریتییە لە ئاین، کە ئێمە چۆن بتوانین لەو روانگەیەوە بەتایبەت ئاینی ئیسلام سوود وەرگرین و بڵێین، ئەو بابەتە لە قەدەغەکراوەکانە، چونکە دەبێت منداڵی تاکی کورد، بەتایبەت لە رێگەی پرۆگرامی پەروەردەی ئیسلامییەوە فێری ئەوەی بکەین کە ئەمە لە رێگەی ئاینیشەوە بابەتێکی قەدەغکراوە، دەبێت لەرێگەی ناوەندەکانی خوێندنەوە ئەو پەیامە بدەین کە ئەوە بابەتێکی بێزراوی کۆمەڵایەتییە.

باسی لەوەشکرد، ئێمە لە رووی زانستییەوە بابەتی ماددەی هۆشبەرمان لە کتێبەکانی زانستی پۆلی شەش و پۆلی نۆ باسکردووە، هەروەها لە رووی زانستییەوە، ئەو گۆڕانکارییە فسیۆلۆجیانەی کە لەسەر مرۆڤ دروستی دەکات چۆنە، کە گۆڕانکاری کوشندەن، لەلایەکی دیکەوە، لە کتێبی بایەلۆجی پۆلی 12ـی ئامادەییش باسمان لە مەترسی ماددە هۆشبەرەکان کردووە، هەروەها لەکتێبی ئاینی پۆلی "نۆ"ش ئەو بابەتە باسکراوە.

وەزیرەکەی پەوەردە دەشڵێت: رێبەرمان بۆ مامۆستا دروستکردووە کە لە سێ رۆژی یەکەمی کردنەوەی قوتابخانەکاندا وانەکان بە قوتابیان دەڵێنەو، لەو رێبەرەشدا باسی ماددەی هۆشبەرەکان کراوە.