عەلی ئەلبێرێر: پێویستە کار بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بکرێت

عەلی ئەلبێرێر، بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پەیوەست بە تاوان و ماددە هۆشبەرەکان
عەلی ئەلبێرێر، بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پەیوەست بە تاوان و ماددە هۆشبەرەکان

K24 - هەولێر

بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پەیوەست بە تاوان و ماددە هۆشبەرەکان، هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەرەکان بەرزدەنرخێنێت و بە پێویستی دەزانێت، هەموو لایەنێک کار بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2023، عەلی ئەلبێرێر، بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پەیوەست بە تاوان و ماددە هۆشبەرەکان لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێک لەکاتی بەڕێوەچوونی "کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرەکان" لە هەولێر، رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەبەردەست هەن و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکردوون، رێژەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات.

عەلی ئەلبێرێر ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2017، بەهۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لەشەڕێکی سەختدا بوون لە دژی رێخکراوی تیرۆریستی داعش لە زۆرینەی ناوچەکانی عێراق و سەرنجی هەمووان لەسەر تێکشکاندنی داعش بوو، ئەم چەندە دەرفەتی بۆ بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان رەخساند بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەرفراوانتر  بازرگانی بەم ماددە مەترسیدارانەوە بکەن، بۆیە دەبینین رێژەکە بەم شێوەیەی ئێستا زیادیکردووە، کە بەڕاستی جێگەی مەترسییە".

بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پەیوەست بە تاوان و ماددە هۆشبەرەکان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان بەرز دەنرخێنین کە بەردەوام لەگەڵ حکومەتی عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەم بابەتە لەسەر هێڵە. پێویستە هەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر کۆمەڵگەکان کەم بکەینەوە و نەهێڵن ببێتە هۆی پەرتەوازەکردنی خێزان".

لەلایەکی دیکەوە عەبدولجەبار عەزیز، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە پانێڵی یەکەمی لەژێرناوی "رۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان" لە کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر گوتی: "دەتوانم بڵێم ماددەی هۆشبەر لەوە دەرچوو کە تەنیا مەترسی بێت، بەڵکو بووەتە هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی، ئێستا حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە لەو بابەتە دەڕوانن و ئیرادەیەکی بەهێز هەیە بۆ نەهێشتنی یان کەمکردنەوەی ماددەی هۆشبەر، بۆیە ئەو کۆنفرانسە گرنگە بۆ کۆمەڵگە، دەبێ هەموومان هاوکاربین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان".

گوتیشی: "لە ساڵی 1965 یاسای ژمارە 68 هەبوو لە عێراق سزایەکی زۆر توندبوو بۆ بەکارهێنەر و بازرگانەکانی ماددە هۆشبەرەکان، بۆیە ترسی زۆر هەبوو لە بەکار‌هێنان و بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان، تەنانەت خەڵک دەترسان ناوی ماددەی هۆشبەر بێنن، دەتوانین بڵێین تا پێش ساڵی 2003 عێراق وڵاتێکی خاڵی بوو لە ماددەی هۆشبەر، بەڵام دواتر بەهۆی دۆخی ئەمنی عێراق بەتایبەتی بازرگانەکان بە هەلیان زانی بۆ ئەوەی ماددەی هۆشبەر بێنە ناو عێراق دواتریش بۆ هەرێمی کوردستان، تا وای لێهات ئێستا دەتوانین بڵێین ژمارەی بەکار‌هێنەری ماددەی هۆشبەر لە عێراق بووەتە ملیۆنان و بازرگان بووەتە هەزاران، هاکات لە هەرێمی کوردسیتانیش ژمارەی بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لە زیادبوونە".