شەش ساڵ بەسەر رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر تێدەپەڕێت

16ـی ئۆکتۆبەر
16ـی ئۆکتۆبەر

K24 – هەولێر:

شەش ساڵ بەسەر رووداوەكانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017دا تێدەپەڕێت، کە بەهۆیەوە هێزە عێراقییەکان بە هاوکاری لایەنێکی کوردستانی دەستیان بەسەر کەرکووک و دووزخورماتوودا گرت و لەوکاتەوە ئیدارەیەکی خۆسەپێن دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرتووە.

کەرکووک، یەکێکە لە دێرینترین شارەکانی مێژووە، لەسەر ئاستی مرۆڤایەتیش بە داهێنەری کاری کشتوکاڵی و خاوەنی زۆرترین یەدەگی زێڕی رەش ناسراوە، دەیان بەڵگەی سلەمێنەری مێژوویی لەسەر کوردستانی بوونی هەیە و ئەو شارەیە کە کورد زۆرترین خەباتی بۆ کردووە و گڕی بابەگوڕگوڕەکەی 100 ساڵ زیاترە نەکوژاوەتەوە، لەناو کورددا بە دڵی کوردستان ناسراوە، بەڵام بەهۆی چاوتێبڕینی دوژمنان و خیانەتی ناوخۆییەوە، هەر خوێنی لێدەچۆڕێت.

دوای دەیان ساڵ لە شاڵاوی تەعریب و تەرحیل، لە 10ـی نیسانی 2003 کەرکووک ئازادکرا کە لە دوای 20ـی ئاداری 1991ـی راپەڕینەوە، دووەم جار بوو کەرکووک هەناسەی ئازادی هەڵمژی کە بووە شارێک؛ کورد بە ئازادی تێیدا قسەی دەکرد و ئاڵای کوردستانی هەڵدەدا و پارێزگارەکەشی کورد بوو (عەبدولرەحمان مستەفا و دواتریش نەجمەددین کەریم)، تا رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، لە کەرکووک کورد خاوەن ماڵ و گەورەی خۆی بوو.

سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم له‌ 25ـی ئه‌یلوولی 2017، کە زۆرینه‌ی كوردستانیان به‌ "به‌ڵێ" ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆییدا، دوای ئەوەش پیلان و گه‌له‌كۆمه‌كان له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی عێراق له ‌دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكرد. له‌ رۆژانی 12 و 13ـی ئۆكتۆبه‌ری 2017، به‌شێك له‌ هێزه‌كان به‌بێ هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ خوارووی كه‌ركووك و رێگەی سەرەکیی خورماتوو-کەرکووك پاشه‌كشه‌یان كرد.

رۆژی 15ـی ئۆكتۆبه‌ری 2017، كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بارزانی و فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆككۆماری پێشووتری عێراق له‌ هاوینه‌هه‌واری دوكان له‌ سلێمانی ئه‌نجامدرا، بە‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئاماژه‌یه‌ك به‌ رێككه‌وتنی نێوان لایه‌نێكی كوردستانی لەگه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی بكرێت بۆ راده‌ستكردنی كه‌ركووك. دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و مەلا بەختیار لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختیان لەسەر ئەوەکردەوە لە کۆبوونەوەکە هاودەنگ و هاوهەڵوێست بوون لە دژایەتیکردنی بەکارهێنانی چەک و دووپاتکردنەوەی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

بەڵام بەهۆی جووڵەی سەربازی بەشێک لە هێزە عێراقییەکان بەرەو کەرکووک، شه‌وی 15/16ـی ئۆكتۆبه‌ری 2017، نه‌جمه‌ددین كه‌ریم، پارێزگاری كۆچكردووی شاره‌كه له‌ناو شاری كه‌ركووك ده‌ركه‌وت و داوای به‌رگریكردنی كرد، لە لێدوانێکدا کە پەیامنێری کوردستان24 ئامادەبوو، نەجمەددین کەریم رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە کەرکووک و کوردستان دەکەن.

به‌ره‌به‌یانی رۆژی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری 2017، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ پشتیوانی هێزه‌ عێراقییه‌كانی دیكه‌ به‌ره‌و ناوشاری كه‌ركووك له‌ چه‌ندین میحوه‌ره‌وە هێرشیانكرد و چه‌ندین ناوچه‌یان تۆپبارانكرد. ئه‌وه‌ی بۆ هه‌موو كوردستانیان جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوو، كشانه‌وه‌ی بێمه‌رجی هێزه‌كانی سەر بە لایەنێک بوو له‌ هه‌موو ئه‌و میحوه‌رانه‌ی له‌ژێر ده‌ستیاندابوو.

به‌هۆی رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، جگه‌ له‌ له‌ده‌ستدانی كه‌ركووك، كورد له‌ ئیداره‌ی شاره‌كه‌دا 142 پۆستی ئیداری له‌ده‌ستدا، هەروەها سێ ھەزار ماڵی شاره‌كه‌ تاڵانكران و 200 ماڵ و پێنج دەزگای راگەیاندن سووتێندران، لەگەڵ ئەوەشدا 53 ھەزار خێزانی كوردیش کە زیاتر لە 200 هەزار کەس دبوون ئاوارەبوون و بەشێکیان تاوەکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە سەر زێد و ماڵی خۆیان.

داگیركردنی كه‌ركووك و پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌ عێراقییه‌كان به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان له‌ 20ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، له‌سه‌ر ده‌ستی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ پردێ وه‌ستێندرا به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا لێكه‌وته مه‌ترسیداره‌‌كانی خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر له‌سه‌ر كورد و هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ته‌وه‌.

لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەریشەوە، بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە داگیرکرا، دوای نزیکەی شەش ساڵ، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی راسپارد لە (1ـی ئەیلوولی 2023) بارەگای سەرەکی ئۆپەراسیۆنەهاوبەشەکان لە کەرکووک چۆڵ بکرێت و رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە بەڵام رۆژی (3ـی ئەیلوولی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لە کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکرد و ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە و رادەستکردنەوەی بە پارتی تا کاتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە رادەگیرێت.

ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی دوای رۆژێک لە خۆپیشاندانەکانی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک هات، کە بە تەقەی هێزە عێراقییەکان چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و 15 کەسی دیکەش برینداربوون، جگەلە دەستگیکردنی زیاتر لە 40 گەنجی کورد بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان.

دوای فەرمانەکەی سوودانیش بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، رۆژی (28ـی ئابی 2023)، گرووپێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی کەرکووک، لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی کە ئێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە، بۆ ماوەی شەش رۆژ خێوەتیان هەڵدا و رێگەی سەرەکی کەرکووک-هەولێریان داخست.

تا دواجار لە رۆژی (12ـی تشرینی یەکەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە، کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دابوو رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە.

ئەو هەوڵانەی بەشێک لە لایەنە شۆڤێنییەکانی کەرکووک هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کەوا بڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، کە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆییە لە ساڵی 2005ـەوە لە پارێزگای کەرکووک دەکرێت.

ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە دەسەڵاتی شارەکەی گرتووەتە دەست، بە پشتیوانی بەشێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی حەویجە و ناوچەکانی دیکەی باشووری کەرکووک، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی کورد لە بەڕێوەبردنی شارەکە و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو دژایەتییەکی گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن.