وەزیری تەندروستی دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لەگەڵ سوودانی تاوتوێ دەکات

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی پەیوەست بە خزمەتگوزاری تەندروستییەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2023، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە.

وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، مەبەست لە سەردانەکە "دابینکردنی زیاتری دەرمان، پێداویستیی پزیشکی، بەشە بودجەی هەرێمی کوردسستان لە بودجەی حاکیمە، چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی تەندروستیی و خزمەتگوزاری تەندروستی ئاوارە و پەناهەندەکانە".

ئاماژە بەوەش کراوە، هەر لە دیدارەکەی نێوان وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، "پڕۆژەکانی نیشتمانی نێودەوڵەتی لەبواری تەندروستی و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە خزمەتگوزاری تەندروستی تاوتوێ دەکرێن".