عیرفان کەرکووکی: شەش ساڵە عەسائیب ئەهلی حەق خانووەکەمی لە کەرکووک کردووەتە سەربازگە

عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی
عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی

K24 - هەولێر

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی رایدەگەیەنێت، شەش ساڵە چەکدارەکانی سەر بە عەسائیب ئەهلی حەق و بزووتنەوەی نوجەبا، خانووی خۆی و کوڕەکەیانی کردووەنەتە سەربازگە و داگیریکردوون. دەشڵێت، "رۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، رۆژێکی شووم و ناخۆش بوو بۆ خەڵکی کەرکووک و خیانەتێکی گەورەیان لێ کرا".

ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر رووداوەکانی 16ـی ئۆکتوبەری 2017 تێدەپەڕێت. هێشتا کەرکووک لەژێر حوکمی سەربازیدایە، هیچ ڕۆژێک تێناپەڕێت کە لە شارەکە پرۆسەی تەعریب ئەنجام نەدرێت. دۆخێکی ئەمنی خراپ لە شارەکە هەیە و لەرووی ئیدارییەوە کورد پەراوێزخراوە و ئیدارەیەکی سەپێنراو شەش ساڵە حوکمی شارەکە دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2023، عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "16ـی ئۆکتۆبەری 2017، رۆژێکی شووم و ناخۆش بوو بۆ خەڵکی کەرکووک. لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا خەڵکی کەرکووک بە کورد و تورکمانەوە، بە ناخۆشی، دەردەسەری و نەهامەتی زۆر تێپەڕیون و ئەو رۆژە ئێمەی گەڕاندووەتەوە هەمان چوارگۆشەی پێش ساڵی 2003".

وەکو ئەوەی عیرفان کەرکووکی باسی دەکات، "تاوەکو ئەمڕۆش بەهۆی رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، لە کەرکووک ستەم لە هاووڵاتییانی کورد و تورکمان دەکرێت و زەویوزاری خەڵک داگیردەکرێت". دەشڵێت: "ئەو لایەنەی ئەو رۆژە ڕەشەی بەسەر خەڵکی کەرکووکدا هێنا، هیچ سوودێکیان نەگەیاندە خەڵکی شارەکە، بەڵکوو خەڵک زیاتر زەرەرمەندبوون، بە پلەی یەکەمیش کورد و تورکمان کە بوونەتە قوربانی ئەو رۆژە شوومە".

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی ئاماژە بەوەش دەدات، "شەش ساڵە عەسائیب ئەهلی حەق لەناو خانووەکەمدان لە کەرکووک و داگیریان کردووە. خانووی کوڕەکەشم بزووتنەوەی نوجەبا داگیریکردووە. خانووەکانمان کردووەتە سەربازگە و دۆشکە و بیکەسیان لەسەر داناوە. ئەمەش داگیرکارییەکی ئاشکرایە لە شاری کەرکووک و ئەو ستەمەی لێمان دەکرێت و هۆکارەکەش هەموو بۆ ئەو خیانەتە گەورەیە دەگەڕێتەوە کە ژمارەیەک کەسی نێو حزبێک ئەنجامیداوە و بە ئاسانی شارەکەیان ڕادەستی داگیرکاران کردووە".

عیرفان کەرکووکی بە پێویستی دەزانێت "هەموو لایەنە کوردستانییەکان و بەتایبەت پارتی و ئێمە وەکو پارتێکی تورکمانی پێکەوە کاربکەین، هەماهەنگی بکەین و یەکریز بین بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەم سیاسەتە ببینەوە. سیاستی پارتی دیموکراتی کوردستان هەموومان بەرەو شوێنی سەلامەت، ئاشتی و برایەتی دەبات؛ پارتی تاکە هێزە داکۆکی و پارێزگاری لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک دەکات".

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی پێیوایە "بەهۆی ئەوەی بارودۆخی کەرکووک بەگوێرەی ئاست و خواستیی هاووڵاتییانی شارەکە نییە، رۆژانە هاووڵاتییان شارەکە بەجێدەهێڵن. ئەوانەی ماونەتەوەش، رۆژانە نیگەرانییەکانی خۆیان نیشان دەدەن. هەروەها بەداخەوە رۆژانە بە بیانووی جیاواز و بە چەندین شێواز، شارەکە تەعریب دەکرێت".