255 کاندید لە کێبڕكێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دوورخرانەوە

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 197 کاندید لە لایەن دەستەی ریشەکێشکردنی حیزبی  بەعس و 57 کاندیدیش بە تۆمەتی دۆسیەی تاوانکاریی لە کێبڕكێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوورخراونەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (16ـی تشرینی یەکەمی 2023) عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران 255 کاندیدی لە کێبركێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوورخستەوە.

هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، 197 کاندید لەلایەن دەستەی ریشەکێشکردنی حیزبی بەعس و 57 کاندیدیش بە تۆمەتی دۆسیەی تاوانکاریی دوورخراونەتەوە.عیماد جەمیل ئاشکراشیکرد، لەم هەفتەیەدا پێداچوونه‌وه‌ بە دۆسیەی تەواوی کاندیدەکان دەکرێت.

رۆژی شەممە (16ـی ئەیلوولی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەغدا، پرۆسەی تیروپشکی بۆ دیاریکردنی ژمارەی لیستی پارت و هاوپەیمانیەتی و کاندیدانی سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجامدا، کە وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لە 15 پارێزگای عێراق بە کەرکووک و نەینەواوە بەڕێوەبچێت.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عیراق، 134 لیست بەشداری دەکەن، کە لەنێوانیاندا 39 هاوپەیمانی 29 پارت و 66 کاندیدیش بەشێوەی سەربەخۆ هەن.

بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، کۆی گشتی کاندیدان کە کێبڕکێ دەکەن لەسەر 275 کورسی لە 15 ئەنجوومەنی پارێزگا کە  75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان، زیاتر لە شەش هەزار کاندیدن.

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق، 23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.