پوتن بۆ وەستاندنی جەنگی ئیسرائیل و حەماس هاتە سەرهێل

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا - وێنە: AFP
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

ڤلادیمێر پوتن هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دەستپێکرد بۆ وەستاندنی جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندی بە پێنج لایەنی ناوچەکە دەکات.

رۆژی دووشەممە (16ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆشکی کرملین بڵاویکردەوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا بۆ چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لەپێناو راگرتنی جەنگی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، پەیوەندی بە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا کردووە.

کۆشکی کرملین لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، پوتن بە نیازە پەیوەندی بە هەر یەکە لە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارییەتی فەڵەستین و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە بکات.

هەروەها لە کۆبوونەوەیەکدا، کە ڤلادیمێر پوتن و گەورە فەرماندەکانی هەواڵگری و سوپای رووسیا ئامادەی بوون، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، "چاوەڕوانی مەترسییەکی گەورە دەکەن ئەگەر ئەو ئاڵۆزیانە کەرتی غەززە لە کۆنترۆڵ دەربچێت".

هاوکات لەبارەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی پوتن بۆ چین، کۆشکی کرملین ئاشکرای کردووە، ئەم هەفتەیە پوتن لە پەکین لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین کۆدەبێتەوە بۆ قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چاوەڕێش دەکرێت، پرسی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاسی و ئاڵۆزییەکانی کەرتی غەززە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوانیان بێت.

لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی بۆ وەستاندنی جەنگی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەدرێت، رۆژی شەممە (14ـی تشرینی یەکەمی 2023) وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا پەکین نێردراوێکی تایبەتی خۆی دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئامانجی نێوەندگیری کردن لە نێوان ئیسرائیل و حەماس و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی لە ناوچەکە.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.

بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 19:30ـی ئێوارەی دووشەممە) نزیکەی هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، دوو هەزار و 808 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و 10 هەزار  و 850 کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.