رۆژنامەیەک: لایەنە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران ژوورێکی ئۆپەراسیۆنییان لەگەڵ حەماس پێکهێناوە

K24 - هەولێر

سەرچاوە عێراقییەکان رایانگەیاند، چەکدارانی لایەنە عێراقیەکان بە لێشاو دەچنە سووریا و لوبنان، دەشڵێن: "ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی بەرگریکردن" لە سێ وڵاتەوە لەگەڵ حەماس پێکهێنراوە، فەرماندەیەکی باڵای لایەنێکی عێراقیش ئاماژەی بەوە کردووە، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی دواخستووە.

لە راپۆرتێکی رۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا هاتووە، چالاکوانانی نزیک لە لایەنە عێراقییەکان، وێنەی فەرماندەکانیان لەسەر خاکی لوبنان بڵاوکردەوە، لەوانە وێنەیەکی فەرماندەی گروپی کەتائیب سەید ئەلشوهەدا، ئەبو ئالا ئەلوەلائی کە دەگوترێت لەسەر سنووری لوبنان بووە.

لەراپۆرتەکدا هاتووە، سەرکردەکانی گروپە چەکدارەکان زۆر جار لەگەڵ کۆمەڵێک چەکداردا، گەشتیان کردووە بۆ سووریا و لوبنان، وادیارە ئەرکەکەیان بۆ شەڕ نەبووە، بەڵکو بۆ گەڕان و بەدواداچوون بووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ گروپەکانی ئەو دوو وڵاتە لە شوێنە سنوورییەکان.

فەرماندەیەکی عێراقی کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە بە هەمان رۆژنامەی راگەیاند، لایەنەکانی بەرگریکردن لە عێراق و سووریا و لوبنان بەشدارییان لە ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ حەماسدا کردووە، چەند رۆژێکە زانیاری ناوچەیی بە بەردەوامی بۆ ئەم ژوورە دەڕوات، گوتیشی: "هەست دەکەین شتێک بەم زووانە روودەدات".

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە، ئەفسەرانی ئێرانی بەشداربوونە لە رێکخستنی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لەگەڵ فەرماندە ناوخۆییەکانی عێراق و سووریا و لوبنان.

فەرماندەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا، پەیوەندییەکانی نێوان هەموو لایەنەکان و ئێران چڕتر بوونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی گروپەکان لە ناوچە جیاوازەکانی نزیک سنوور جێگیرکراون، بەڵام سیناریۆی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئیسرائیل رەتکردەوە، ئەگەر بێت و ئیسرائیل هێرشی زەمینیش ئەنجام بدات.

فەرماندەکە گوتیشی: "ئیسرائیل هێرشە زەمینیەکەی دواخست چونکە بۆی دەرکەوت حەماس بەتەنیا نییە لەم شەڕەدا".

بەڵام ئەندامانی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، سەرەڕای پەرۆشییان بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ ئیسرائیل، پێیان وایە لە ئێستادا ئێران "زیاتر شەڕی میدیایی دەکات نەک شەڕی مەیدانی"، بەڵام ئۆپەراسیۆنی دژی ئیسرائیلشیان بەدوور نەزانی.

دوو سەرکردەی بزووتنەوەی "بەدر" و "عەسائیب ئەهل حەق" جوڵەی لایەنە عێراقییەکانیان پشتڕاستکردەوە، لە بەرەی نێوان لوبنان و سووریا، یەکێکیان ئاماژەی بەوەکرد، کە "هەموو شتێک ئێستا کە لەو ناوچەیەدا روودەدات، بەپێی پلانێکە کە لەلایەن ئێرانەوە دارێژراوە و لەلایەن حزبوڵڵای لوبنانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت."

فەرماندەیەکی عێراقی رایگەیاند، "لایەنە عێراقییەکان نازانن چۆن وەڵام دەدەنەوە"، ئێران ئەمە دیاری دەکات، لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکاندا پەیوەندی لەگەڵ حزبوڵڵا و حەماس دەکات، بەڵام ئەوەی ئێمە بیستوومە ئەوەیە کە ئۆپەراسیۆنەکە نائاسایی دەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، لایەنە عێراقییەکان پەیامیان لە ئێرانییەکانەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە بارودۆخی کەرتی غەززە و فەرمانەکانیش تەنها لە ئێرانەوە وەردەگرن.