بیتکۆین زۆربەی دەستکەوتەکانی لەدەستدا و بەهاکەی دابەزی

بیتکۆین
بیتکۆین

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی بیتکۆین رۆژی دووشەممە (16ـی تشرینی یەکەمی 2023) بە زیاتر لە 10% بەرزبووەوە و گەیشتە 29 هەزار و 900 دۆلاری ئەمریکی و بەرزترین ئاستی لە مانگی ئابەوە تۆمارکرد، بەڵام دواتر زۆربەی دەستکەوتەکانی لە دەستدا و لە دوا مامەڵەکان بەرزبوونەوەکەی بۆ 4% کەمکردەووە و گەیشتەوە 28 هەزار و 66 دۆلاری ئەمەریکی.

هەروەها بەهای بیتکۆین لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023)ـدا کەمێک جێگیربوو بە 28 هەزار و 380 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا، لە کاتێکدا کۆمپانیای كۆينتێلگراف، کە دەزگایەکی میدیایی ناسراوە لە بواری کریپتۆدا، پێشتر بڵاویکردەوە کە کۆمیسیۆنی ئاسایش و ئاڵوێری ئەمەریکا (SEC) داواکاری لیستکردنی کۆمپانیای بلاک رۆک (BLK.US)ـی بۆ مامەڵەکردن بە بیتکۆین پەسەندکردووە کە وەبەرهێنان ئاسانتر دەکات لە بیتکۆین بەبێ ئەوەی لە راستیدا خاوەنی خودی دراوی کریپتۆ بن.

دواتر میدیا سەرەکییەکانی ئەمەریکا بڵاویانکردەوە کە کۆمپانیای بلاک رۆک پشتڕاستی کردەوە، ئەو هەواڵەی کە لەلایەن کۆمپانیای كۆينتێلگراف بڵاوکراوەتەوە دروست نییە و داواکارییەکەیان هێشتا لەژێر هەڵسەنگاندندایە لەلایەن کۆمیسیۆنی ئاسایش و ئاڵوێری ئەمەریکاوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نرخی بیتکۆین بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.

لەلایەن خۆیەوە، کۆمپانیای كۆينتێلگراف داوای لێبوردنی کرد بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست لەسەر لیستکردنی بیتکۆین لە کۆمپانیای BlackRock و بڵاوکراوەکەی لەم بارەیەوە سڕییەوە. هەروەها دەزگاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا لێکۆڵینەوەیەکی ناوخۆیی دەکەن، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پابەندە بە شەفافیەتی زانیاری و دوای تەواوبوونی بەدواداچوونەکەیان لەگەڵ خوێنەرەکانیان هاوبەشی دەکەن و زانیارییەکان ئاشکرا دەکەن.

لوکاس کیلی، بەرپرسی سەرەکی وەبەرهێنانی کۆمپانیای Yield App پێی وایە هەرچەندە پەسەندکردنی هەواڵی لیستکردنی بیتکۆین لەلایەن کۆمیسیۆنی ئاسایش و ئاڵوێری ئەمەریکا ساختە بوو، بەڵام تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ دەزگای رێکخستن و ئاماژەی بەوەشکردووە، مەترسییە گشتییەکە ناجێگیرییەکی زۆر دروست دەکات پێش راگەیاندنی کۆمیسیۆنی ئاسایش و ئاڵوێری ئەمەریکا و هەمووان هەوڵدەدەن پێش ئەم بڕیارە بکەون.

لە ئێستادا چەندین کۆمپانیا، لەوانە گرايسكال، بلاكرۆك و ئينڤێسكۆ، داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ سندوقی مامەڵەکردنی (Bitcoin ETF.) بە لەبەرچاوگرتنی بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگا و زیادبوونی ژمارەی داواکارییەکان و پەیوەندی بە کۆمیسیۆنی ئاسایش و ئاڵوێری ئەمەریکا لەگەڵ ئەم داواکارانە، پێدەچێت ئێستا سندوقی بازرگانی ETF ـی بیتکۆین پەسەند بکرێت.

ئامادەکردنی/ یادگار سەدیق