پێشبینی دەکرێت لە کوردستان 40 هەزار کەس ناویان بۆ چوونە حەج تۆماربکەن

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

ماوەی سێ رۆژە دەست بە ناونوسینی حاجیان کراوە لە هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییەکی زۆر ناوی خۆیان تۆمار کردووە و پێشبینی دەکرێت 40 هەزار ناو تۆمار بکرێت، لە کاتێکدا پشکی هەرێمی کوردستان 4678 حاجییە، ناو نووسینەکە تەنیا بۆ ئەمساڵە و بۆ ساڵانی داهاتوو پرۆسەکە بە دیجیتاڵی دەکرێت و هاووڵاتییان دەتوانن لە ماڵی خۆیانەوە ناویان تۆمار بکەن.

بە پێی ئامارێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پشکی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ سا ڵی 2024 بریتییە لە 4678 حاجی، پشکی %60 بۆ ئەو هاووڵاتیاینەیە کە ساڵی 2017 ناویان نووسیووە، %40یش بۆ ئەو کەسانەیە کە ئەمساڵ ناوی خۆیان تۆمار دەکەن، 100 کورسیش بۆ کەسوکاری شەهیدان دانراوە.