شاندی حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا بڕیار لەسەر یەکدەنگی دەدەن

کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنە کوردستانییەکان
کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنە کوردستانییەکان

K24 – بەغدا

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبوونەوە و بڕیاریاندا لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن.

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا کۆبوونەوە و بڕیاریاندا لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان یەکدەنگ بن.

دوێنێ سێشەممە 17/10/2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەردانی بەغدایان کرد.

بڕیارە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیرانی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی، کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت، تێیدا گفتوگۆ لەبارەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە لەبارەی مووچە و ژمارەی مووچەخۆرانەوە ئاراستەیان دەکرێن و وردەکاری دەخاتەڕوو.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کوردستانی24ـی گوت: "شاندی هەرێمی کوردستان دێنە لیژنەی دارایی، بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە لەلایەن لیژنەوە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، لەسەر بابەتی بڕگەکانی 12 و13 لە یاسایی بودجە، ئەوەی پەیوەستە بە داهاتە نانەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان و ئەو نەوتەی کە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، هەروەها میلاکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەدەنی، سەربازی، خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی، ئەو بڕە پارەیەی کە مانگانە بۆ مووچەکانیان پێویستە، هەموو ئەوانە لیژنەی دارایی بە نووسراوێک ئاراستەی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە".

پێشتر پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: "سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئیختیارییە و نیشاندەری نیەتی جددی حکومەتی هەرێمە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر سەرجەم پرسە داراییەكان".

راشیگەیاند: "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، تیمی حکومەتی هەرێمی كوردستانی راسپاردووە تەنانەت یەك پرسیاری بێ وەڵامیش نەهێڵنەوە و زۆر شەفافانە هاوکاربن".

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختیکردەوە: "حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە  چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدراڵ، بە دوای چارەسەرێکی ریشەییەوەیە بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییانی كوردستان".