نەرمین مەعروف: شاندی هەرێمی کوردستان بۆ وەڵامدانەوەی لیژنەی دارایی دێنە بەغدا

K24 - هەولێر
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کوردستانی24ـی راگەیاند، لەماوەکانی رابردوودا لیژنەی دارایی گفتوگۆیی زۆری لەگەڵ لایەن پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵی کردووە، لەسەر پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسایی بودجە.
گوتیشی: لەو چوارچێوەیەدا چاوەڕوان دەکرێت سبەی شاندی هەرێمی کوردستان بێنە لیژنەی دارایی وەڵامی ئەوپرسیارانە بدەنەوە کە لەلایەن لیژنەوە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، لەسەر بابەتی بڕگەکانی 12 و13 لە یاسایی بودجە، ئەوەی پەیوەستە بە داهاتە نانەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان و ئەو نەوتەی کەوا رادەستی سۆمۆ دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، میلاکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەدەنی و سەربازی و خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی، هەروەها ئەوبڕەی پارەیەی کە مانگانە بۆ مووچەکانیان پێویستە، هەموو ئەوانە لیژنەی دارایی بە نوسراوێک ئاراستەی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە.
لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەرمین راشیگەیاند، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق دەڵێت، بودجەی نوێی ساڵی 2023 لە 25/6ـی ئەمساڵ چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەر بۆیە حکومەتی عێراق لەشەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا توانیویەتی یەک لەسەر 12ـی بودجەی پارساڵ خەرج بکات، ئەمەش وایکردووە تەنها بڕی 47 تریلیۆن دینار خەرج بکرێت، کە 27 ترلیۆن بۆ خەرجی سیادی بووە، ئەوەی ماوەتەوە بۆ خەرجییەکانی دیکە بووە، لەنێویشیاندا پشکی هەرێمی کوردستان کە 12.67 بووە، ئەمەش وایکردووە بڕێکی کەم پارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت کە نزیکەی دوو تریلیۆن و نیوە، کە ئەمەش بەشی مووچەی فەمانبەران ناکات.
دەشڵیت: بۆ شەش مانگی دووەم چاوەروان دەکرێت ئەگەر بودجەی وەبەرهێنان خەرج بکرێت، چاوەروان دەکرێت، ئەو خەرجیە فیعلیە زیاتر بێت، ئەمەش وادەکات پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر بێت، کە بەگوتەی وەزیری دارایی عێراق نزیکەی تریلیۆنێک دیناری مانگانەیە.