چالاکوانێک: ماددەی هۆشبەر لە عێراق گەیشتووەتە ناو قوتابخانە بنەڕەتییەکان
K24 - بەغدا
چالاكوانان هۆشداری له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی مادده‌ی هۆشبه‌ر له عێراق ده‌ده‌ن، چالاکوانێک لە بەغدا دەڵێت: ماددەی هۆشبەر گەیشتووەتە ناو قوتابخانەکانی بنەڕەتیش.
له نێو كۆڵانه‌كانی ناوچه‌ی جادرییه‌ی بەغدا و ماڵێکدا رووه‌كی ماریجوانای هۆشبه‌ر له‌لایه‌ن یه‌كێك له پزیشكه‌كانه‌وه به مه‌به‌ستی به‌كارهێنان و بازرگانیكردن چێندراوه، به‌ر له‌وه‌ی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆوه ده‌ستگیر بكرێت، له‌كاتێكدا مامه‌ڵه‌كردن به‌و ماددانه ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنیی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه دروستكرووه و هۆكاری زۆرێك له تاوانه‌كانی كوشتن و توندوتیژیی بووه.
چالاکوانێک بەناوی ئیسرا مه‌حموود، بە کوردستان24ی گوت: "ئێستا زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانی توندوتیژی خێزانی و جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران په‌یوه‌ندییان به مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌كه ئێستا له رێگه‌ی ئۆنلاینه‌وه داوا ده‌كرێت و خواستێكی زۆری له بازاڕی عێراقی له‌سه‌ره، ته‌نانه‌ت گه‌یشتووه‌ته قوتابخانه‌كانی بنه‌ڕه‌تیش، چ بۆ كوڕ یانیش كچ، نه‌هامه‌تییەكانی ئه‌و بابه‌ته شتێكی ئاسان نییه و شتێك نییه به ئاسانی تێپه‌ڕێنین".
گوته‌بێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی زیاتر له سێ تۆن و نیو مادده‌ی هۆشبه‌ری له ماوه‌ی ساڵی 2023 راگه‌یاند، كه له‌وانه‌یه به‌راورد به ساڵانی رابردوو، ئه‌م قه‌باره‌یه به‌رزترین ئاستی پێوانه‌یی بێت.
عه‌مید میقداد موسه‌وی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: له ماوه‌ی ساڵێكدا زیاتر له سێ تۆن و نیو مادده‌ی هۆشبه‌ر و 15 تۆن له ماددەی كاریگه‌رییه عه‌قڵییه‌كان ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه، وێڕای بوونی زیاتر له 12 هه‌زار تۆمه‌تبار له گرتووخانه‌كان به‌هۆی ئه‌و ماددانه‌وه.
چاودێران و چالاكوانان ترسی خۆیان له چه‌كه‌ره‌كردنی قه‌یرانی مادده هۆشبه‌ره‌كان بۆ ساڵانی داهاتوو ناشارنه‌وه، به‌تایبه‌ت كه رۆژانه هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی یه‌كجار زۆری ئه‌و ماددانه‌دا ده‌گرن.