ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی زێڕی گەیاندە بەرزترین ئاست

نرخی زێڕ
نرخی زێڕ

K24 – هەولێر:

لە دوای هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی غەززە، هیوای بازاڕەکانی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینی رەواندەووە. خواستی پەناگەی سەلامەتی لە بازاڕەکان بەهێزتر کرد، وای کرد نرخی زێر بگاتەوە ئاستەکانی دەستپێکی مانگی رابردوو کاتێک هەر ئۆنسەیەکی ئەم کانزا بە نرخە بە 1948 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرا.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاربوو رۆژی چوارشەممە سەردانی ئیسرائیل و ئوردن بکات، بەڵام پێش ئەوەی ووڵاتەکەی جێبهێڵێت، هەڵوەشایەوە گەشتەکەی گۆڕا بۆ ئیسرائیل، ئەمەش دوای هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی غەززە کە سەدان کەسی کوشت و سەرکردە عەرەبییەکان لە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە کشانەوە.

پەرەسەندنی مەترسییەکان بەردەوامە لە پشتگیری بۆ کانزا بە نرخەکە، لەدوای هێرشە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە سەرەتای ئەم مانگەدا نزیکەی 6% بەرزبووەتەوە 100 دۆلار لە نرخەکەی بۆ هەر ئۆنسەیەک چووەتە سەر، پێشتر کانزاکە لە نزمترین ئاستی لە ماوەی حەوت مانگدا مامەڵەی پێوەدەکرا، بەجۆرێک بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دەسهاتی سەر قەواڵەکانی ئەمەریکا نرخی زێڕی خستبووە ژێر گوشار و دابەزی.

بەرزبوونەوەی نرخی زێر لە کاتێکدایە، ئامارەکانی فرۆشی تاکەکەسی ئەمەریکا زیاتر بووە لە پێشبینییەکان و بەرهەمهێنانی پیشەسازیش زیاتر بووە لە مانگی پێشتر. ئەم ژمارانە ئەگەری هێشتنەوەی رێژەی سووی بانکی لە ئاستێكی بەرز بۆ ماوەیەکی زیاتر بەهێزتر کرد.

گرووپی بانکەکانی 'ئەی ئێن زی' رایدەگەیەنێت، هەر پەرەسەندنێک کڕینی پەناگەی سەلامەت بە بەهێزی دەهێڵێتەوە. ئاماژە بەوەشدەکات، خواستێکی بەهێزی بازاڕی فیزیکی هەیە، لە روانگەی بانکە ناوەندییەکان و بەکاربەرانەوە لە هەردوو ووڵاتی چین و هیندستان.

کاتژمێر (3:40)ـی دوای نێوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی کوردستان زێڕ 1.22% بەرزبووەوە و گەیشتە 1948 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. پێوەری دۆلاری  ئەمەریکی گۆڕانکارییەکی کەمی بەسەردا هات. زیو بە 1.74% بەرزبووەوە.