بەریتانیا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات لوبنان جێبهێڵن

فڕۆکەخانەی بەیروت
فڕۆکەخانەی بەیروت

K24 - هەولێر

باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەیروت داوا لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات کە لوبنان بەجێبهێڵن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کە لە باشووری وڵاتەکەدا هەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەیروت رایگەیاند، "داوا لە هاووڵاتیان دەکەین گەشت بۆ هەموو ناوچەکانی لوبنان نەکەن"، دەشڵێت: "ئەگەر ئێستا لە لوبنانن، داواتان لێدەکەین ئێستا بڕۆن بە مەرجێک گەشتی بازرگانی بەردەست بێت".

هەروەها باڵیۆزخانەکە داوای لە هاووڵاتیانی بەریتانیا لە لوبنان کردووە، ناوەکانیان لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا تۆماربکەن، لە رێگەی لینکێکەوە کە بۆ ئەو مەبەستە بڵاویکراوەتەوە، تاوەکو ئامادەبوونیان پشتڕاست بکەنەوە.

ئەم هۆشدارییەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە باشووری لوبنان لەگەڵ سوپای ئیسرائیل.