وەزیری پەروەردە: دەبێت یەکشەممەی داهاتوو لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە خوێندن دەستپێبکاتەوە

K24 - هەولێر:

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دواکەوتنی پرۆسەی خوێندن لە سنووری پەروەردەی سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێت: یەکشەممەی داهاتوو، دەبێت خوێندن لەو سنوورانە دەستپێبکاتەوە.

وەزیری پەروەردە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە 13ـی ئەیلوولەوە دەوامی خوێندن دەستیپێکردووەتەوە و بەداخەوە، تا ئێستا نزیکەی 650 هەزار قوتابی و خوێندکار لە سلێمانی، کۆیە، گەرمیان، هەڵەبجە و راپەرین بێبەشن لە خوێندن.

باسی لەوەشکرد ئەوان لە وەزارەتی پەروەردە هەوڵی زۆریان داوە بۆئەوەی خوێندن لەو شوێنانە دەستپێبکاتەوە، دەشڵێت: دۆخی خوێندن لەو سنوورانە لە مەترسی گەورەدایە.

وەک ئالان حەمە سەعید ئاماژەی پێدا، مووچە مافی مامۆستایان و فەرمانبەرانە، گوتیشی: ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە، دڵمان لای مامۆستاکانمانە کە دۆخی داراییان باش نەبێت و نیگەرانی قوتابییەکانیشمانین کە ساڵی خوێندنیان نەفەوتێ.

وەزیری پەروەردە راشیگەیاند، لە ئەمڕۆوە فەرمانێکی وەزاری واژۆ دەکەن، تێیدا ئاماژە بەوە دەدەن، رۆژی 22ـی ئەم مانگە، دەبێت مامۆستایان و بەڕێوەبەری خوێندنگاکان لە سنوورەکانی سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، کۆیە و راپەڕین دەسکەنەوە بە دەوامی خۆیان و گوتیشی: تەواوی دەسەڵاتی کارگێڕی دەدەینە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بۆئەوەی خوێندن دەستپێبکاتەوە.

ئالان حەمە سەعید ئەوەشی خستەڕوو، دوو مووچە و سێ مووچە لە بەغداوە نەهاتووە تا حکومەت دابەشی نەکات، ئەوەی کە هاتووە، حکومەت دابەشی کردووە و ئەم دۆخەی ئێستا لە ئارادایە، هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، گوتیشی: مووچەکان نافەوتێن خوێندن دەفەوتێت.

وەزیری پەروەردە روونیشیکردەوە، "دەستپێکردنەوەی خوێندن، بەمانای ئەوە نایەت کە ئێمە مافی مامۆستاکانمان لەبیرچووەتەوە، بەڵکو ئێمە لەگەڵ خەمی مامۆستایانمانین، بەڵام دواکەوتنی مووچە تەنیا لە وەزارەتی پەروەردە نییە، بەڵکو لە هەموو وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمە روویداوە".