بۆ یه‌كه‌مجار مووچه‌ی راسته‌قینه‌ی مێسی له‌گه‌ڵ ئینته‌ر مه‌یامی ئاشكرا كرا

لیۆنێل مێسی كاپتنی یانه‌ی ئینته‌ر مه‌یامی ئه‌مریكا
لیۆنێل مێسی كاپتنی یانه‌ی ئینته‌ر مه‌یامی ئه‌مریكا

دەستەی خولی تۆپی پێی ئەمریکا بەفەرمی رایگەیاند مووچەی ساڵانەی لیۆنێل مێسی لەگەڵ ئینتەر مەیامی دەگاتە 20 ملیۆن و 400 هەزار دۆلاری ئەمریکی، کە ئەم دەستەیە ساڵانە مووچەی یاریزانەکانی خولی ئەمریکا بڵاو دەکاتەوە.

لیۆنێل مێسی له‌ هاوینی ئه‌مساڵ یانه‌ی پاریس سانجێرمانی جێهێشت و په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی ئینته‌ر مه‌یامی ئه‌مریكا كرد، مێسی له‌گه‌ڵ ئه‌م یانه‌یه‌ لە کۆی 13 یاریی لە سەرجەم خول و پاڵەوانیەتیەکان 11 گۆڵی کردووە و 5 ئەسیستی تۆمار کردووە.

به‌ گوێره‌ی بڵاوكراوه‌ی ده‌سته‌ی خولی تۆپی پێی ئه‌مریكا، مووچەی مێسی لە مووچەی سەرجەم یاریزانەکانی دیکەی خولی ئەمریکا زیاترە، لە دوای مێسی، لۆرێنزۆ ئینسینی یاریزانی ئیتاڵی یانه‌ی تۆرنتۆ دێت کە مووچەکەی پازدە ملیۆن و 400 هەزار دۆلاری ئەمریکەیە، لە پلەی سێیەمیش شێردان شاکیری یاریزانی شیکاگۆیە کە مووچەکەی دەگاتە هەشت ملیۆن و 53 هەزار دۆلاری ئەمریکی.

لە هەمان کاتدا ئینتەر مەیامی پێشەنگی ئەو یانانەیە کە زۆرترین مووچە بە یاریزانەکان دەدات و کۆی گشتی ئەو مووچەیەی بە یاریزانەکانی دەدات دەگاتە 39 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار و پێش یانەکانی تۆرنتۆ و لۆس ئانجێلێس گالاکسی کەوتووە.