ئاریانا خاڵس: لە کابینەی نۆیەمدا گرنگییەکی زۆر بە کەرتی تەندروستی و خوێندنی باڵا دراوە

ئاریانا خاڵس جەواد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستانی بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان
ئاریانا خاڵس جەواد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستانی بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستانی بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان رایدەگەیەنێت، بڕوانامەی بۆردی کوردستانی بەرزترین بڕوانامەی پسپۆری پزیشکی کلینیکییە، کە هەڵگری ئەم بڕوانامەش دەبنە ژێرخانێکی پتەوەی زانستی بۆ خزمەتکردنی کەرتی تەندروستی و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، هاوکات گوتیشی: لە کابینەی نۆیەمدا گرنگییەکی زۆر بە سێکتەری تەندروستی و خوێندنی باڵا دراوە.

ئاریانا خاڵس جەواد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستانی بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان، لە میانەی گوتارێکدا بەبۆنەی دەرچووانی خولی حەوتەم، هەشتەم و نۆیەمی پسپۆرییە پزیشکییەکانی بۆردی کوردستانی لە ئه‌نجوومه‌نی باڵای كوردستان بۆ پسپۆرییه‌ پزیشكییه‌كان، پیرۆزبایی لە دەرچووان کرد و رایگەیاند، بڕوانامەی بۆردی کوردستانی بەرزترین بڕوانامەی پسپۆری پزیشکی کلینیکییە و هەڵگری ئەم بڕوانامەش دەبنە ژێرخانێکی پتەوەی زانستی بۆ خزمەتکردنی کەرتی تەندروستی و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.

هاوکات ئاماژەی بەوەدا، دوای تەواوکردنی کۆلێژی پزیشکییەکان ئامانجایان ئامادەکردنی کەسانی لێهاتوو و شارەزایە، بۆیە بە پێویستی دەزانن بوار بدەن بە پزیشکەکان لە هەر قۆناغێک بە شێوەیەکی کارا خۆیان بگونجێنن لەگەڵ پێشهاتە تەندروستییەکان.

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستانی بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان، دەڵێت: یەکێك لە پەیڕەو و پڕۆگرامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردتسان گرینگیدانە بە دڵنیایی جۆریی و متمانەبەخشین، ئێمەش بەشێکین لەو پڕۆگرامە، هەروەها ئەم پڕۆگرامەمان لە خوێندن و راهێنان جێبەجێ کردووە.

ئاریانا خاڵس، راشیگەیاند، "دوای دوو ساڵ کارکردن بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی پزیشکی ئوردنی کە دامەزراوەیەکی پزیشکی نێودەوڵەتییە، خاوەن ئەزموون و پێگەیە لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، لەگەڵ ئەو ئەنجوومەنە توانیمان بە سێ قۆناغ متمانە و باوەڕیان بەدەست بهێنین".

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستانی بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان، باسی لەوەشکرد، هەڵگرانی بڕوانامەی بۆردی کوردستانی دەتوانن راستەوخۆ بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی بۆردی ئوردنی بکەن و ببنە خاوەنی بڕوانامەی بۆردی ئوردنی، ئەمەش دەستکەوتێکی دیکەیە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەدەست هاتووە.

ئاریانا خاڵس، گوتی: بۆردی کوردستانی یەکەم دەزگای حکومی خوێندنی باڵایە کە بتوانێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستانی بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان، رایگەیاند، "پەرستاران هاوشانی پزیشکان هەموو کارێک دەکەن بۆ پیشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی. گوتیشی: ئامانجمان ئەوەیە بواری پەرستاری بەرەو پێش ببەین بە هەمان شێوە دەرچووانی ببنە هەڵگری بروانامەی کلینیکی بەرز، لەبەرئەوەی لە ئێستادا بەرزترین بڕوانامەی پەرستاری تەنیا ئەکادیمییە، بۆ ئەوەی دەرچووانیان بتوان جێگەی خۆیان بکەنەوە لە ناوەندەکانی کەرتی تەندروستی بۆیە هەماهەنگیمان کردووە لەگەڵ ئەنجوومەنی پەرستاری ئوردنی".

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی دەرچووانی پسپۆرییە پزیشکییەکانی بۆردی کوردستانی لە ئه‌نجوومه‌نی باڵای كوردستان بۆ پسپۆرییه‌ پزیشكییه‌كان بەڕێوەچوو.

لە ئه‌نجوومه‌نی باڵای كوردستان بۆ پسپۆرییه‌ پزیشكییه‌كان یەکەم دامەزراوەی پزیشکی خوێندنی باڵایە لە هەرێمی کوردستان کە متمانەی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە و دەرچووانی ئەم دامەزراوەیە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەتوانن بەشداری لە تاقیکردنەوە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان و چالاکییە پزیشکییەکان بکەن.