سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ پارێزگارى بانكى ناوه‌نديى عێراق كرد

نێچیرڤان بارزانی و عەلی عەلاق
نێچیرڤان بارزانی و عەلی عەلاق

K24 – هەولێر:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشوازیکردنی لە پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، تاوتوێی دۆخی دارایی عێراق و هەوڵەکانی بانکی ناوەندییان کرد بۆ سه‌قامگيريى دارايى، ئابوورى و ده‌رفه‌ته‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌ عێراق.

ئێواره‌ى رۆژی پێنجشه‌ممه (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ عه‌لى موحسين عه‌لاق، پارێزگارى بانكى ناوه‌نديى عێراق، ده‌رباره‌ى دۆخى دارايى عێراق، به‌هاى دينارى عێراقى، هه‌وڵه‌كانى بانكى ناوه‌ندى بۆ سه‌قامگيريى دارايى، ئابوورى و ده‌رفه‌ته‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌ عێراق، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچيرڤان بارزانى پێزانينى خۆى بۆ هه‌وڵه‌كانى بانكى ناوه‌نديى عێراق ده‌ربڕى له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه‌كان و راگرتنى به‌هاى دينار، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ كاره‌ له‌پێشينه‌كانى بانكى ناوه‌ندى كرد بۆ چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاڵنگارييه‌كاندا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نه‌ختينه‌ و دارايى.

هەروەها هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى بانكه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ بانكى ناوه‌نديى عێراق كرده‌وه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌شيان تاوتوێ كرد.