موقتەدا سەدر داوا لە عەرەب دەکات لەسەر سنووری فەڵەستین کۆببنەوە

موقتەدا سەدر
موقتەدا سەدر

K24 – هەولێر:

سەرۆکی رەوتی سەدر لەبارەی دۆخی کەرتی غەززە و جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل، گوتارێکی پێشکەشکرد و داوای لە موسڵمانان و عەرەب کرد لەسەر سنووری فەڵەستین کۆببنەوە.

رۆژی پێنجشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) موقتەدا سەدر لە گوتارێکدا، داوای لە موسڵمانان و گەلی عەرەبی کرد، لەسەر سنووری فەڵەستین لە میسر، سووریا، لوبنان و ئوردن کۆببنەوە .

رێبەری سەدرییەکان داوای کرد تا هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە، خەڵک بەبێ ئەوەی هیچ حکومەتێک بەشداری لەو بابەتە بکات، بچنە سەر سنووری فەڵەستین کۆببنەوە.

موقتەدا سەدر داواشی کرد، بە ئاشتی و پۆشینی کفنەوە لەسەر سنووری فەڵەستین کۆببنەوە و گوتیشی، بەلایانەوە ئاساییە ئەگەر دامەزراوەیەکی بێلایەنی وەک نەتەوەیەکگرتووەکان سەرپەرشتی ئەو کۆبوونەوەیە و مانگرتنەی سەر سنووری فەڵەستین بکات و پشکنینیش بۆ بەشداربووان بکەن.

هەروەها موقتەدا سەدر جەختی کردەوە تا ئەوکاتەی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە هەڵدەگیرێت و یارمەتییە مرۆییەکان دەگاتە خەڵکی غەززە، سنووری فەڵەستین چۆڵ نەکەن و بمێننەوە.

رۆژی چوارشەممە (18ـی تشرینی یەکەمی 2023) دوای سەردانەکەی بۆ تەلئەڤیڤ و دووپاتکردنەوەی پشتیوانی بۆ ئیسرائیل، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تەلئەڤیڤ رازی بووە یارمەتییە مرۆییەکان لە میسرەوە بگەیەندرێتە کەرتی غەززە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کار بۆ جوڵە پێکردنی بارهەڵگرە پڕ یارمەتییە مرۆییەکان دەکات بۆ غەززە لە زووترین کاتدا. ئاشکراشیکرد، بە بری 100 ملیۆن دۆلار یارمەتی مرۆیی بۆ غەززە دەنێرن.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.

بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 13 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، سێ هەزار و 785 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 13 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.