هه‌ولێر و به‌غدا رێككه‌وتن نەوتی سپی بۆ تەواوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت

K24 – هەولێر:

هەولێر و بەغدا لەبارەی دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان رێککەوتن و نەوتی سپی بۆ تەواوی هاووڵاتییان دابین دەکرێت.

رێبین زەنگەنە بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق رێککەوتوون هاوشێوەی ناوەڕاست و باشووری عێراق، نەوتی سپی بۆ تەواوی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت و وەک دەستپێک بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت و دواتریش بە چەند قۆناغێکی دیکە، نەوتی سپی بۆ تەواوی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت.

هه‌روه‌ها گوتیشی: پێویستی ساڵانەی هەرێمی کوردستانیش لە نەوتی سپی 264 ملیۆن لترە.

پێشتریش فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردبووه‌وه‌، پرۆسەى دابەشکردنی نەوتی سپی دەستیپێکردووە و تاکو ئێستا لە ناوچە شاخاوییەکان، 11 ملیۆن و 969 هەزار لیتر نەوت دابەش کراوە و 59 هەزار و 845 خێزان تێیدا سوودمەند بوون.

بەگوێرەی زایارییه‌كانی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێم، لە پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆی سۆران، چوار ملیۆن و 238 هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و 21 هەزار و 190 خێزان سوودمەند بوون.

هەروەها لە پارێزگاکانى سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان، سێ ملیۆن و 262 هەزار لیتر نەوت بەسەر 16 هەزار و 310 خێزان دابەشکراوە.

لە پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆش، دوو ملیۆن و 576 هەزار و 960 لیتر بەسەر 12 هەزار و 885 خێزاندا دابەشکراوە.