مه‌هاباد.. سێ خوشك نانه‌واخانه‌كه‌ی باوكیان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن

سێ خوشك نانه‌واخانه‌كه‌ی باوكیان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن
سێ خوشك نانه‌واخانه‌كه‌ی باوكیان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن

K24 – هەولێر:

نانه‌واخانه‌یه‌كی جیاواز له‌ شاری مه‌هابادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت كاری نانه‌وایی تێدا ده‌كرێت، سێ خوشك بۆ ئه‌وه‌ی نانه‌واخانه‌كه‌ی باوكیان له‌ناو نه‌چێت، بڕیاریان دا كاری تێدا بكه‌ن و به‌ زیندوویی بیهێڵنه‌وه‌.

ئه‌م نانه‌واخانه‌یه‌ ته‌واوی كاره‌كانی له‌لایه‌ن ئافره‌تانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت. پیاوێك كه‌ باوكی سێ كچه‌، ماوه‌ی ساڵانێكی زۆره‌ خاوه‌نی ئه‌و نانه‌واخانه‌یه‌ له‌ مه‌هاباد، به‌ڵام به‌هۆی چوونی به‌ناو ساڵدا، ده‌ستی له‌ كاری نانه‌وایی هه‌ڵگرتووه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا كچه‌كانی به‌هۆی خۆشه‌ویستیان بۆ باوكیان و به‌رزڕاگرتنی پیشه‌كه‌ی كه‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی ته‌مه‌نی خۆی بۆ ته‌رخان كردبوو، بڕیاریان دا نانه‌واخانه‌كه‌ له‌ناو نه‌چێت و وه‌ك سیمبۆڵێك بمێنێته‌وه‌.

ئه‌و پیاوه‌ خاوه‌نی سێ كچه‌، كچه‌كانی شانیان داوه‌ته‌ به‌ر به‌رده‌وامیدان به‌ كار و پیشه‌كه‌ی باوكیان و نانێكی جیاواز له‌ نانه‌واخانه‌كه‌ی باوكیان دروست ده‌كه‌ن، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ توانیویانه‌ سه‌رنجی دانیشتووانی مه‌هاباد بۆ نانه‌كه‌یان و دڵسۆزیان بۆ كار و پیشه‌كه‌یان رابكێشن.

ئه‌و سێ خوشكه‌ رۆژانه‌ له‌ كاتژمێر چواری به‌ره‌به‌یان تاوه‌كوو یه‌كی دوای نیوه‌ڕۆ له‌ نانه‌واخانه‌كه‌یاندا ده‌مێننه‌وه‌ و نانی جیاواز بۆ كڕیاره‌كانیان دروست ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، نانه‌ جیاوازه‌كه‌یان بۆ نه‌خۆشانی شه‌كره‌ و چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی دیكه‌ی درێژخایه‌ن ده‌بێت، هاوكات كه‌سانی دیكه‌ش به‌ گه‌رمی نۆره‌ ده‌گرن و چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنی نانه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی ئه‌و سێ خوشكه‌ن.

ئه‌و سێ خوشكه‌، ماوه‌ی پێنج ساڵه‌ به‌ به‌رده‌وامی ده‌ستیان داوه‌ته‌ ئه‌و كاره‌ و نانه‌واخانه‌كه‌ی باوكیان به‌ گه‌رمی هێشتووه‌ته‌وه‌ و ئاماده‌ نین چۆڵی بكه‌ن و فوو له‌ ئاگركه‌ی بكه‌ن، به‌ڵكو به‌ گوڕوتینه‌وه‌ كاره‌كه‌یان ده‌كه‌ن و توانیویانه‌ پارێزگاری له‌ ناووبانگی نانه‌واخانه‌كه‌ی باوكیان بكه‌ن.

كچان هه‌ستێكی به‌رزیان به‌رامبه‌ر به‌ دایك و باوكیان هه‌یه‌ و خاوه‌نی سۆزێكی بێسنوورن به‌رامبه‌ریان، له‌ هه‌مووان زیاتر هه‌ست به‌ پیرۆزی و رێز و سیمبۆڵیه‌تی دایك و باوكه‌كان ده‌كه‌ن و باڵی به‌خشنده‌ییان بۆ راده‌خه‌ن. ئه‌و سێ خوشكه‌، ئاماده‌ن به‌رگری له‌ پیشه‌كه‌ی باوكیان بكه‌ن، كه‌ پێی ناسراوه‌ و رۆژگارێك به‌هۆی داهاته‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌وانی پێ گه‌وره‌ كردووه‌ و پێی گه‌یاندوون، ئێستاش ئه‌وان بڕیاریان داوه‌، ده‌سته‌به‌رداری ئه‌و پیشه‌یه‌ نه‌بن، كه‌ نمه‌كحه‌ڵاڵیان كردووه‌ و مه‌به‌ستیانه‌ شوێنی باوكیان بۆ كه‌سێكی دیكه‌ و پیشه‌یه‌كی دیكه‌ چۆڵ نه‌كه‌ن.