وەزارەتی دارایی سەرەتای هەفتەی داهاتوو داهات و خەرجی شەش مانگ بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری
وەزارەتی دارایی و ئابووری

K24 – هەولێر:

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمواری یاسای بودجە و چارەنووسی مووچەی سێ مانگی دیکە دەچێتەوە بەغدا و بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24ـیش سەرەتای هەفتەی داهاتوو، وەزارەتی دارایی داهات و خەرجی شەش مانگ بڵاودەکاتەوە.

رۆژی هەینی (20ـی تشرینی یەکەمی 2023) سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بریارە لەم نزیکانە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی بچێتەوە بەغدا و گفتوگۆ لەبارەی هەمواری یاسای بودجە و چارەنووسی مووچەی سێ مانگ کۆتایی ئەمساڵ بچێتەوە بەغدا.

سەرچاوەکەی کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا رۆژی چوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دیار نییە بەڵام هەوڵەکان بۆ ئەوەیە لە هەفتەی داهاتوو شاندەکە بچێتەوە بەغدا .

لە بارەی هۆکاری چوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، روونیکردەوە، سەردانی ئەمجارەی شاندەکە بۆ ئامادەکارییە بۆ هەمواری یاسای بودجەی عێراق بە تایبەت ئەو بڕگانەی بەربەستن لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و  گفتوگۆش دەکەن لە بارەی چارەسەرکردنی کێشەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

هەر بەپێ زانیاریەکانی کوردستان24، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی بە داتا داهات و خەرجی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە، لە ئەگەری بوونی گۆرانکاری نوێش لەگەڵ بەغدا، ئەوا وەزارەتی دارایی لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا زانیارییەکان دەخاتەڕوو.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر بانگێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بەیاوەری هەریەک لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدول حەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی سامانە سرووشتەکان بەرەو شاری بەغداد بەڕێکەوتن.

دوای کۆبوونەوەکەش، رۆژی چوارشەممە (18ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دارایی حکومەتی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووینەوە، هەموو زانیاری و داتاکانی خۆمان پێشەکەش کرد، هاوکات تا رادەیەکی باش تێگەشتنی هاوبەشمان هەبوو لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی راستەقینە، هەروەها جیاکردنەوەی لە کێشە سیاسییەکانیش.

لەلایەن خۆیەوە رۆژی (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو، لە کەشێکی ئەرێنی بە راشکاوی ئەو بابەتانەی تایبەت بوون بە هەرێمی کوردستان و پێشتر داتا و زانیاری ناڕاست لەبارەی مووچەخۆران، داهات و خەرجییەکان خرابووەڕوو لە کۆبوونەوەی دوێنێ، لە راپۆرتێکی 30 لاپەڕەیی بە وردەکارییەوە خرایەڕوو.

هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەو بڕیارە وایکرد، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی (14ـی ئەیلوولی 2023) سەردانی بەغدای کرد و لە 12 کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنی خستەڕوو.

دواجار رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردا بە هەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و رەزامەندیدان لەسەر ناردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ.