بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی کۆنفرانسی ساڵانەی بانکیی عێراقی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بەیانی ئەمڕۆ شەممە 21/10/2023، کاتژمێر 10:00، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی ساڵانەی بانکیی عێراقی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

لە کۆنفرانسەکەدا تاوتوێی پەرەپێدانی سیستەمی بانکی و ئاستەنگەکانی بەردەم سیستەمی بانکی لە عێراق بەشێوەیەکی گشتی دەکرێت. هاوکات هەر یەکە لە عەلی موحسین ئەلعەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیى عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە دەبن.

محەممەد حاتەم،  لە بەشی پەیوەندیە گشتییەکانی کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی  عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند،   لە شاری هەولێر بە بەشداری سەرۆکوەزیران مەسروربارزانی و عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی و  سەرۆکی  کۆمەڵە بانکە ئەهلییەکانی عێراق و ژمارەیەک بانکی ئەهلی عێراقی و ژمارەیەکی دیکە لە بانکی وڵاتانی عەرەبی کۆنفراسی دەرفەتەکانی گەشەکردن و داهاتووی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچێت، کە ئامانج لە کۆنفراسەکە پێشخستنی کاری  بانکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە.

رۆژی پێنجشەممە 19ـی ئۆکتۆبەری 2023، عەلی موحسین ئەلعەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیى عێراق بە سەردانێک گەیشتە هەولێر، لە دیدارێکدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەتایبەتی بانکی ناوەندی، لە بوارەکانی چاکسازی لە کەرتی بانکی و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و کارکردن بۆ سەقامگیریی ئابووری کرد. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پرۆژە و دەستپێشخەری (هەژماری من) کرد و سوپاسی پشتیوانیی و هەماهەنگیى پارێزگاری بانکی ناوەندی و سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، پێشکەوتنە بۆ هەموو عێراق و لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییاندایە.

ئەمە لە کاتێکدایە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی گرنگی زۆری بە سیستەمی بانکی داوە لەپێناو بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، پێشتر سەرۆکی حکومەتی کوردستان رایگەیاندووە: "ئێمە لە حکومەت زۆر پێداگیری دەکەین لەوەی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان بە ستاندارد بکرێت بۆ ئەوەش لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقیش لە پەیوەندیداین و ئەوانیش یارمەتیدەری ئێمە بوون".