مەسرور بارزانی: کاردەکەین بۆ چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکی

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، دروستکردنی سیستەمێکی بانکی بەهێز، ئامانجێکی سەرەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە و کاردەکەن بۆ چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان. 

ئەمڕۆ شەممە 21ـی ئۆکتۆبەری 2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی ساڵانەی بانکیی عێراقی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە کۆنفرانسەدا کە عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی بانکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی و بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم ئامادەی بوون، سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵانێکی زۆرە لەناو حکومەتدا، گفتوگۆیەک لەسەر ئەوە هەیە کێ دەستپێشخەر بێت، ئێمە یان بانکەکان. لەم کابینەیەدا بڕیارمان داوە ئێمە ئەم پێشەنگایەتیە بکەین. بەم کارەش، یارمەتیدەر دەبین لە دروستکردنی سیستەمێکی بانکی بەهێز.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، "دروستکردنی سیستەمێکی بەهێز و کاریگەر و چالاکی بانکی ئامانجێکی گرنگی کابینەی نۆیەم بووە، بۆیە کار دەکەین بۆ چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکی و بنیاتنانی ژێرخان و بنەمایەکی هاوچەرخ و بەهێز بۆ ئابووری هەرێمەکەمان".

بە گوتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: "لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، خانەنشینانی هەرێمی کوردستان چیتر ناچار نابن چەندین کاتژمێر لە گەرمای هاویندا و سەرمای زستاندا بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان لە سڕەدا بن. بەڵکو لە ڕۆژێکی دیاریکراودا، پارەکانیان دەچێتە سەر حیسابە بانکییەکانیان. هەروەها بازرگانەکانیش چیتر ناچار نابن بە قەبارەیەکی زۆر پارە لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن ، بەڵکو دەتوانن بە شێوەی ئۆنلاین چاودێری حیسابی بانکیان بکەن و خزمەتگوزارییە داراییەکانیان ئەنجام بدەن."

وەکو ئەوەی سەرۆکی حکومەت باسی کرد، "ساڵانێکی زۆرە لەناو حکومەتدا، گفتوگۆیەک لەسەر ئەوە هەیە کێ دەستپێشخەر بێت، ئێمە یان بانکەکان. لەم کابینەیەدا بڕیارمان داوە ئێمە ئەم پێشەنگایەتیە بکەین. بەم کارەش، یارمەتیدەر دەبین لە دروستکردنی سیستەمێکی بانکی بەهێز."

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو: "پێویستە وابکەین کە پارەی جووتیارەکانمان، ڕاستەوخۆ بچێتە سەر حیسابی بانکیان کاتێک گەنم و دانەوێڵەکانیان بە حکومەتی فیدراڵی دەفرۆشن. هیوادارم بە زووترین کات ئەم گۆڕانکارییانە ڕووبدات. دڵنیام هاوبەشە بانکییەکانی ئەمڕۆمان، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا دەبنە گەورەترین بانکی ئەهلی لە وڵاتدا."

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "دەمەوێت سوپاسی بانکەکان بکەم بۆ پشتگیری بەردەوامیان لە پڕۆژە و بەرنامەکانمان و داوایان لێ دەکەم بەردەوام بن لە وەبەرهێنان لە بەرهەم و خزمەتگوزارییە بانکییەکانیان".

دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووان و میوانانی بەڕێز
زۆر بەخێر بێن

خۆشحالم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم لەم کۆنفرانسە گرنگە کە تەرخان کراوە بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی سیستەمی بانکی و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان، بە تایبەتی بانکەکانی کەرتی تایبەت.
بەخێرهاتنی هەموو میوانانی بەڕێز دەکەم بە تایبەتی بەڕێز عەلی عەللاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق.

دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە دەکەم کە بابەتێکی زۆر گرنگیان هەڵبژاردووە بۆ گفتوگۆ و تاوتوێکردن ، بە تایبەتی بۆ بارودۆخی ئەمڕۆی عێراق و هەرێمی کوردستان ،چاکسازیکردن و پێشخستن و کاراکردنی کەرتی بانکی پێویستییەکی هەرە لە پێشە بۆ هێنانەدی گەشەپێدانی ئابووری.

دروستکردنی سیستەمێکی بەهێز و کاریگەر و چالاکی بانکی ئامانجێکی گرنگی کابینەی نۆیەم بووە، بۆیە کار دەکەین بۆ چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکی و بنیاتنانی ژێرخان و بنەمایەکی هاوچەرخ و بەهێز بۆ ئابووری هەرێمەکەمان.

لێرەدا پێمخۆشە هەندێک لە پلانەکانمان دەربارەی چاکسازیکردن لە کەرتی بانکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێوەدا باس بکەم .

لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، خانەنشینانی هەرێمی کوردستان چیتر ناچار نابن چەندین کاتژمێر لە گەرمای هاویندا و سەرمای زستاندا بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان لە سڕەدا بن. بەڵکو لە ڕۆژێکی دیاریکراودا، پارەکانیان دەچێتە سەر حیسابە بانکییەکانیان.

هەروەها بازرگانەکانیش چیتر ناچار نابن بە قەبارەیەکی زۆر پارە لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن ، بەڵکو دەتوانن بە شێوەی ئۆنلاین چاودێری حیسابی بانکیان بکەن و خزمەتگوزارییە داراییەکانیان ئەنجام بدەن.

هەروەها ئەو کەسانەش کە قەرزی بچووکیان بۆ مەبەستی جۆراوجۆر دەوێت، ڕووبەڕووی پرۆسەیەکی ئاسانتر دەبنەوە. ئەو هاووڵاتیانەی لە ناوەوە و یان دەرەوەی وڵات دەیانەوێت پارە بۆ خزم و کەسوکار و خێزانەکانیان بنێرن، چیتر ناچار نابن لە ڕێگەی سەنتەرەکانی حەواڵەوە ئەو کارە بکەن.

تا کۆتایی ئەمساڵ، هەزاران فەرمانبەری کەرتی گشتی، لە چوارچێوەی پڕۆژەی ( هەژماری من ) تۆمار دەکرێن و حیسابی بانکیان لە بانکە تایبەتەکانەوە بۆ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی مووچەکانیان لەو ڕێگەیەوە وەربگرن، لە ساڵی داهاتووشدا ئەم پرۆسەیە خێراتر دەبێت. ئێمە پابەندین بەوەی تا کۆتایی ساڵی داهاتوو، یەک ملیۆن مووچەخۆر، حیسابی بانکیان هەبێت و ئەم بەرنامەیەش خێراتر دەکەین و لەم ڕووەوە ئامادەسازیمان کردووە.

ساڵانێکی زۆرە لەناو حکومەتدا، گفتوگۆیەک لەسەر ئەوە هەیە کێ دەستپێشخەر بێت، ئێمە یان بانکەکان. لەم کابینەیەدا بڕیارمان داوە ئێمە ئەم پێشەنگایەتیە بکەین. بەم کارەش، یارمەتیدەر دەبین لە دروستکردنی سیستەمێکی بانکی بەهێز.

بڕیارمان داوە کە پشتگیری پلانی بەرفراوانبوونی بانکەکان بکەین ئەویش لە ڕێگەی ئەم بەرنامەیەی خوارەوە :
دوای ئەوەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە بانکەکان حیسابیان دەبێت، بە هەمان شێوە کارمەندانی کەرتی تایبەتیش پێویستە ئەو کارە بکەن. بەم شێوەیەش خزمەتگوزاریی بانکی بۆ سەدان هەزار کەس لە کوردستان بەردەست دەبێت.

هاوکات هانی بانکەکان دەدەین کە لقەکانیان لە سەرانسەری کوردستان زیاد بکەن و لە ماوەی دوو ساڵدا، تۆڕی ئامێرەکانی ATM دە هێندەی ئێستا، زیاتر بكرێن. هەروەها کار دەکەین بۆ ئەوەی ئامێرەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە زۆربەی بازاڕ و مارکێتەکانی کوردستان دەستەبەر بێت.

پێویستە دان بەوەدا بنێین کە تا ئەمڕۆ بانکەکانی کەرتی گشتی نەیانتوانیوە پێداویستی هاووڵاتیانمان دابین بکەن. پشتبەستن بە پارەی کاش، گەشەی ئابووری ئێمەی سنووردار کردووە و دەرفەتی ساختەکاری و سپیکردنەوەی پارەی ڕەخساندووە. ئەمەش دەبێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت.

هەروەها هەر هاوکارییەکیش پێویست بێت پێشکەشی بانکە تایبەتەکانی دەکەین بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانیان باشتر و خێراتر بکەن.
ئامانجمان ئەوەیە پێشبڕکێیەکی تەندروست لە نێوان بانکەکان لە هەرێمی کوردستان دروست ببێت و هاووڵاتییانیش ئازاد بن لە هەڵبژادنی بانکی خۆیان لە سەر بنەمای باشی و پێشکەوتوویی و خێرایی خزمەتگوزارییە بانکییەکان . تا ئێستا لە پرۆژەی ( هەژماری من) پێنج بانکی کەرتی تایبەتمان هەڵبژاردووە. هیوادارم بانکی تریش لە داهاتوودا ببنە بەشێک لەم پڕۆژەیە.

ئەم بانکانە لەسەر بنەمای چەند پێوەرێکی ڕوون هەڵدەبژێردرێن کە لەم ڕووەوە، لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق هەماهەنگیی کراوە. بۆ نموونە ئەو بانکانە لقیان لە چەند شوێنێک هەیە و، بانکی دیجیتاڵین و لە ڕێگەی مۆبایل و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو، خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش دەکەن و تۆڕێکی ATMیان هەیە و خزمەتگوزاری دارایی ئەلیکترۆنیان هەیە.

دەمەوێت سوپاسی بانکەکان بکەم بۆ پشتگیری بەردەوامیان لە پڕۆژە و بەرنامەکانمان و داوایان لێ دەکەم بەردەوام بن لە وەبەرهێنان لە بەرهەم و خزمەتگوزارییە بانکییەکانیان.

هاووڵاتیانی ئێمە لە ماوەی داهاتوودا، بە خێرایی هەست بە گۆڕانکاری لە ژیانیاندا دەکەن؛ بۆ نموونە لە شێوازی پارەدان و کڕینی خۆراک و سووتەمەنی تا ئەوەی بە ئاسانی لە کاتی گەشتکردنیان بۆ دەرەوە بە متمانەوە، کارتی بانکی و خزمەتگوزارییەکانیان بە کاربهێنن. خاوەنکارەکانيش دەتوانن سوود لە دەرفەتەکانی بازرگانی ئەلیکترۆنی وەربگرن و پارە بگوازنەوە بۆ كاروباری بازرگانی. هەروەها حکومەت چۆنیەتی پارەدان و کۆکردنەوەی داهاتیش دەگۆڕێت. بەکورتی کار دەکەین بۆ ئەوەی هاووڵاتیان و بازرگانەکانمان، بتوانن لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا بیانەوێت دەستیان بە خزمەتگوزارییە داراییەکان بگات.

پێویستە وابکەین کە پارەی جووتیارەکانمان، ڕاستەوخۆ بچێتە سەر حیسابی بانکیان کاتێک گەنم و دانەوێڵەکانیان بە حکومەتی فیدراڵی دەفرۆشن. هیوادارم بە زووترین کات ئەم گۆڕانکارییانە ڕووبدات. دڵنیام هاوبەشە بانکییەکانی ئەمڕۆمان، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا دەبنە گەورەترین بانکی ئەهلی لە وڵاتدا.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو لایەن و بەڕێزانە بکەم کە لەم ئەرکە گرنگەدا هاوکار و پشتیوانمانن. بە تایبەتی سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی بەڕێز عەلی عەللاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق و تیمەکەی دەکەم کە بە ڕێنوێنی و پشتیوانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی بەردەوامن لە هەماهەنگی و هاوکاریکردنمان لە بوارەکانی ئەنجامدانی چاکسازی بانکی و بەڕێوەبردنی گەنجینە. سوپاس بۆ پشیتوانی و پشتگیرییان.

ئێمە بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و کارکردن بۆ سەقامگیرکردنی دیناری عێراقی. لەسەر ئەم بابەتە، خۆشحاڵم بەو پێشکەوتنانەی ئەمساڵ لە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر بەدەستمان هێناوە. پێویستە کاری زیاتر بکرێت و ئێمەش ئەوەی لە سەرمان بێت لەم ڕووەوە دەیکەین.

بەڕێزان:

لە کۆمەڵگە و وڵاتانی پێشکەوتوو، هەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتوو و چالاکی بانکی ، یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. لە هەمان کاتدا سیستەمێكی بانكیی هاوچەرخ و بەهێز، هاوكار و یارمەتیدەرێكی بەهێزی گەشەپێدانی ئابوورییە و خزمەتگوزاریی دارایی و كارئاسانییەكی زۆریش پێشکەشی خاوەنکاران و وەبەرهێنەران دەکات.

تەنانەت دەتوانین بڵێین بەهێزیی سیستەمی بانکی لە هەر وڵات و كۆمەڵگەیەكدا، بنەما و مەرجێكی سەرەكیی بەهێزیی ئابووریشە، چونکە هەبوونی سیستەمێكی بانكیی بەهێز و كارا، ژینگەیەكی لەبار بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی دەستەبەر دەكات.

بێگومان یەکێک لە کێشە و ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم هەبوونی سیستەمێکی بانکی بەهێز و پێشکەوتوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان، نەبوونی متمانەی خەڵکە بە بانکەکان ، ئەمەش زۆر هۆکاری لە پشتە، لە سەروویانەوە ناسەقامگیریی دۆخی سیاسیی و ئابووری وڵات و تەشەسەندنی گەندەڵی بە شێوەیەکی بەرفراوان کە وایکردووە ، هاووڵاتییان متمانەیان بە بانک و دامەزراوە داراییەکان نەمێنێت.

بەڵام ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، هەموو هاوکاری و یارمەتییەکی پێویست پێشکەشی بانکەکان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن متمانە لە نێوان بانکەکان و هاووڵاتییان دروست بکەین ئەویش لە دڵنیاییدان لە سەر پاراستنی سەرمایە و سامانی خەڵک لە بانکەکاندا. هەروەها بانکەکانیش پێویستە خزمەتگوزارییەکانیان بەرفراوان بکەن . واتە بە هاوکاری و هەماهەنگی حکومەت و بانک و هاووڵاتی، دەکرێ ئەو متمانەیەی کە پێویستە بە بانکەکان هەبێت دروست بکەینەوە.

بە هۆی ناسەقامگیریی بارودۆخی سیاسیی و شەڕ و نائارامی لە ساڵانی ڕابردوودا، عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە پرۆسەیەکی بەرفراوانی ئاواەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری هەیە لە هەموو کەرتەکاندا. بۆ ئەم مەبەستەش هەبوونی سیستەمێکی بانکی چالاک و پێشکەوتوو ، هۆکارێکی سەرەکی و یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بتوانین کاروانی چاکسازی و ئاوەدانیی درێژە پێ بدەین.

ئەو هەنگاوانەی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی و حکومەتی فیدراڵ و ئێمەش لە هەرێمی کوردستان دەستمان پێکردووە، جێگەی ئومێدێکی زۆرن و دەتوانین بە هاوکاری و پشتیوانیکردنی یەکتر، پێشکەوتنی بەرچاوی ئابووری لە ماوەیەکی نزیکدا ببینین.

جارێکی دیکەش دەستخۆشی بەستنی ئەم کۆنفرانسەتان لێ دەکەم و هیوادارم ئەنجام و ڕاسپاردەی باشی لێ بەرهەم بێت لە پێناو بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و دۆخی ئابووری بە گشتی .

هەر شاد و سەرکەوتووبن و وڵاتیش هەر ئاوەدان بێت.

ئامادەبوونی  سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ساڵانەی بانکیی عێراقی لە هەرێمی کوردستان