بایدن: فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان شایستەی ئەوەن بەیەکسانی و سەقامگیری بژین

جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا / فۆتۆ: AFP
جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا / فۆتۆ: AFP

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەمه‌ریکا رایدەگەیەنێت، لەگەڵ وڵاتان هەماهەنگی بۆ کارکردنی بەردەوام لە دەروازەی رەفەح دەکەن.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە کارکردن بەردەوام دەبن بۆ دڵنیابوونەوە لە کارکردنی بەردەوام لە دەروازەی رەفەحدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان شایستەی ئەوەن بەیەکسانی  و سەقامگیری بژین.

سەرۆکی ئەمه‌ریکا جەختیشیکردەوە، پابەندین بەوەی خەڵکی مەدەنی غەززە، ئاو و خۆراک و چاودێری تەندرووستی بۆ دابینبکرێت.

راگەیه‌ندراوەکەی سەرۆکی ئەمه‌ریکا لە کاتێکدایە شەڕی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و ‌ هه‌ریه‌ك لە رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی، به‌رنامه‌ی خۆراكی جیهانی و یونیسێف، له‌ چوارچێوه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، دۆخی مرۆیی غه‌ززه‌ لە کارەسات نزیکدەبێتەوە.  

بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.

بەگوێرەی ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لە چوار هەزار کەس لە کەرتی غەززە کوژراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، ژمارەی بریندارەکانیش 13 ‌هه‌زاری تێپه‌ڕاندووه‌.

دوێنێ هه‌ینی 20ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئیسرائیل رایگه‌یاند، به‌هۆی جه‌نگ و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل، تا ئێستا 1400 ئیسرائیلی كوژراون و 4834 كه‌سیش برینداربوونه‌.