قۆناغی دووەمی پشتێنەی سەوز بۆ شارۆچکەی عەنکاوە دەکرێت

دیمەنێکی پارکی کورانی عەنکاوە - فۆتۆ: محەممەد دەرگەڵەیی - ئەرشیف
دیمەنێکی پارکی کورانی عەنکاوە - فۆتۆ: محەممەد دەرگەڵەیی - ئەرشیف

K24 - هەولێر

لە چوارچێوەی كار و پڕۆژەكانی كابینەی نۆیەمدا، زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان، بەشێك بووە لە پلانەکان، حكومەتی هەرێمی کوردستان كار بۆ ئەوە دەكات ئەو مەترسییەی لەسەر ژینگە هەیە، لە شار و شارۆچكەكان كەم بكرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22 تشرینی یەکەمی 2023، رامی نووری قایمقامی قەزای عەنکاوە، بە کوردستان24ی رایگەیاند، قۆناغی دووەمی پشتێنەی سەوزی عەنکاوە سبەی دەستپێدەکات، "لە قۆناغی یەکەم هەزار نەماممان چاند، ئێستا قۆناغی دووەم دەستپێدەکات و ئەمجارە 500 دار دەچێنین، بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی مرۆی".

قایمقامی عەنکاوە، گوتیشی: "پاڵپشتی کردنی ئەو رێکخراوە، دابینکردنی ئاوە بۆ دارەکان، ئامانجیش ئەوەیە پشتێنەیەکی سەوز دروست بکرێت، بە درێژایی شەقامی 120 مەتری ئەوەی کە لەناو سنووری شارۆچکە عەنکاوە تێدەپەرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، ئیدارەی عەنکاوە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، توانیوویەتی پێنج هەزار دار بچێنێت لە شوێنە جیاجیاکانی عەنکاوەدا، بە مەبەستی دروستکردنی سەوزایی و زیاتر گرنگی دان بە ژینگە.

رامی نووری باسیشی لەوەکرد: "دەمانەوێت ئەو رووبەرە سەوزایییە لە عەنکاوە زیاد بکەین، چونکە تێبینیمان کرد، بەهۆی گەرماوە سەوزایی کەمیکردووە لەو شارۆچکە".

روونیکردەوە، دارەکان لە جۆری سیسەمن، چوار وەرزەن و بەرگەی گەرما دەگرن و ژینگەش پیس ناکەن، چاندنی ئەو دارانە، بە راوێژی بەڕێوەبەراتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێرە.

ئا: لاڤین عومەر