پارێزگاری هەولێر: پەلاماردانی سەگی بێلانە لە سەدا 30ی کەمیکردووە

K24 - هەولێر

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە 30% حاڵەتی پەلاماردان و گەستنى سەگی بێلانە بۆ سەر هاووڵاتییان، بەهۆى پڕۆسەی کۆکردنەوە و گواستنەوەیان بۆ شلتەرى هەولێر کەمیکردووە.

پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 22/10/2023، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پاریزگارى هەولێر و بەئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، بە مەبەستى بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی کۆکردنەوەی سەگى بێلانە لەناو شار و دەرەوەی شار و کەمکردنەوە و نەهێڵانییان لە سەر شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و گواستنەوەیان بۆ شلتەرى هەولێر کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە قایمقامى ناوەند، بەرێوەبەرى گشتیى گەشتوگوزار، سەرۆکى شارەوانى، بەرێوەبەرى ژینگەپارێزى، بەڕێوەبەرى ڤێرتەرنەری و خۆپارێزى تەندروستى، بەڕێوەبەر قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر ئامادەى بوون، گفتوگۆ لە بارەى چۆنیەتى بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە لەلایەن تیمەکانى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزییەوە کرا، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر دەستخۆشى لە تیمەکانى فەرمانگەى ناوبراوکرد، کە لەو ماوەیەى دەستیانکردووە بە پڕۆسەى گرتن و گواستنەوەى سەگى بێلانە، بەپێى ئامارە تەندروستییەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر حاڵەتی پەلاماردان و گەستن لەلایەن سەگی بێلانەوە بۆ سەر هاووڵاتییان لە 30% کەمیکردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى جەختکردنەوە لە چڕترکردنەوەى پڕۆسەکە و کۆکردنەوەی زیاترى سەگى بێلانە و گواستنەوەیان بۆ شلتەر و نەهێڵانیان لە سەر شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان کە دیاردەیەکى ناتەندروست و ناشارستانییان دروستکردووە، بووەتە هۆى مەترسى بۆ سەر گیانى هاوڵاتییان و هاراسانکردنیان، هەموو پاڵپشتى و هاوکارییەکى پارێزگاى بۆ تیمەکانى بەڕێوەبەرایەتى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزیی هەولێر دووپاتکردەوە و بە فەرمى ئیدارەدانى گشتیى شێڵتەرى هەولێرى بۆ دڵدەدانى سەگى بێلانە بە بەڕێوەبەرایەتى ناوبراو سپارد و ئەرکى چارەسەرە پزیشکییەکان و لایەنى هونەرى شلتەرەکەشى بە بەڕێوەبەرایەتى ڤێرتەرنەری هەولێرسپارد.

بوونى سەگى بێلانە لەشوێنى نیشتەجێبوونى هاووڵاتییان جگە لەوەى لەڕووى تەندروستیەوە هۆکارێکە بۆ بڵاوبوونەوەى نەخۆشییە گوازراوەکان،  دیاردەیەکى ناشارستانیە و بڵاو بوونەوەى ئەو ئاژەڵە بێلانانە دەبێتە هۆى مەترسى بۆ سەرگیانى هاووڵاتییان بەتایبەتى منداڵان، لە ئێستاشدا هەڵمەتى کۆکردنەوەی سەگى بێلانە لەسنوورى پارێزگاى هەولێر دەستىپێکردووە و تائێستا توانراوە زیاتر لە 1000 سەگى بێلانە کۆبکرێتەوە و بگوازرێتەوە بۆ شلتەرى هەولێر، لەو ژمارەیەشدا زۆربەی ئەوسەگانە بۆ چارەسەر و ڕێگریکردن لە کێشەی زۆرربوونیان لەلایەن پزیشکى ڤێرتەرنەری شارەزاوە لە رێگەی نەشتەرگەریی پزیشکییەوە ڤاکسین و خەساندنیان بۆ کراوە، کە ئەم ڕێکارەش لە زۆربەى وڵاتانى جیهان لەوانە بەریتانیا، هیندستان، ئەمەریکا و بەشێکى ترى وڵاتانى پێشکەوتوو گیراوەتەبەر و نەتەوە یەکگرتووەکانیش پاڵپشتیی لێدەکات و سەرکەوتوو بووە.

بە مەبەستی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر، پڕۆژەی دروستکردنی شێڵتەری سەگی بێلانە بە گوژمەی 455 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر لەسەر رووبەری 20 دۆنم زەوی دروستکراوە.

دیمەنێکی کۆبوونەوەکە
دیمەنێکی کۆبوونەوەکە