نەزمی حەزووری: سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەین کە ئامادەییان نیشانداوە هاوکاری بگەیەننە غەززە

نەزمی حەزووری، کونسوڵی گشتی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان
نەزمی حەزووری، کونسوڵی گشتی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

کونسوڵی گشتی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، ئیسرائیل بەرپرسە یەکەم و کۆتاییە لەوەی کە ئێستا لە غەززە روودەدات، هەروەها ئیسرائیل هیچ نیازیکی نییە چارەسەری دوو دەوڵەت جێبەجێ بکات. هاوکات لەبارەی دەزگای خێرخوازی بارزانیەوە دەڵێت: سوپاسی هەڵویستی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەین کە ئامادەییان نیشانداوە هاوکاری بگەیەننە غەززە.

نەزمی حەزووری، کونسوڵی گشتی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 رایگەیاند، ئیسرائیل چەندین ساڵە فەڵەستین داگیردەکات، هەروەها ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل 30 ساڵ بەر لە ئێستا رێککەوتنی ئاشتیمان بە چاودێری ئەمەریکا لە ئۆسلۆ واژۆ کرد، رێکەوتن لەسەر ئەوە کراوە کە پێویستە دوو دەوڵەت هەبێت وڵاتی فەڵەستین کە پایتەخەتەکی قودس بێت، لەگەڵ دەوڵەتێک بەناوی ئیسرائیل هەبێت، بەڵام ئیسرائیل هیچ نیازیکی نییە چارەسەری دوو دەوڵەت جێبەجێ بکات.

هاوکات راشیگەیاند، ئیسرائیل بەرپرسە یەکەم و کۆتاییە لەوەی کە ئێستا لە غەززە روودەدات، هەروەها جێبەجێنەکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت و ئاشتی و دادپەروەرانە لە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، لە کاتێکدا زۆرینەوەی وڵاتانی جیهان لەگەڵ ئەوەن فەڵەستین خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت.

کونسوڵی گشتی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت: رۆژانە ئیسرائیل تاوانکاری بەرامبەر بە خەڵکی فەڵستین لەپێش چاوی هەموو جیهان ئەنجام دەدات، لە بەرامبەردا وڵاتانی عەرەبی هەموویان لەگەڵ گەلی فەڵستینن و داوای وەستانی جەنگ دەکەن داوای چارەسەرێکی ئاشتیانە دەکەن، بەڵام زۆرینەی وڵاتانی رۆژئاوا پشتگیری لەو تاوانکارییەی ئیسرائیل دەکەن.

نەزمی حەزووری، باسی لەوەکرد، ئەوەی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات هێرشە بۆ سەر گەلی فەڵەستین، نەک تەنیا بۆ سەر حەماس، ئێمە گەلی غەززە بە تەنیا جێناهێڵین و گەلی فەڵەستین مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات.

کونسوڵی گشتی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، لەبارەی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکانی حەماس کاردانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیلە، چونکە ئێمە گەلێکی داگیکراوین چۆن دەبێت رێگە بدەین دەسەڵاتێکی داگیرکەر خەونی چەندین ساڵمان لە گۆڕ بنێت، هەروەها ئیدارەی ئەمەریکا لاینگرانە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل رەفتار دەکات و، لەلایەکیە دیکەوەش سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵیت: "بۆ ئەوە هاتوومە ئیسرائیل تاوەکوو پشتگیری ئیسرائیل بکەم"، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا،  دەبێت بەریتانیا داوای لێبوردن لە گەلی فەڵستین بکات.

لەبارەی ئەو چەکانەی کە بزووتنەوەی حەماس دژ بە ئیسرائیل بەکاری دەهێنێت، نەزمی حەزووری، گوتی: حەماس  و گرووپە چەکدارییەکانی ناو فەڵستین ئەو چەکانەی کە بەکاریان هێناوە کەرستەی سەرەتایین و دروستکراوی نێوخۆیین.

کونسوڵی گشتی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، باسی لە هەڵوێستی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد بەرامبەر بە گەلی فەڵەستین هاوکات سوپاسی هەڵوێستی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد و رایگەیاند، ئەو دەزگایە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە هاوکاری لێقەوماوانی غەززە بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) شاندێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، بە سەرۆكایەتیی مووسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگا، لە هەولێر سەردانی كۆنسوڵخانەی فەڵەستینی كرد و لەگەڵ نەزمی حەزووری، كۆنسوڵی گشتیی فەڵەستین، كۆبووەوە و تێیدا ئامادەیی دەزگای نیشاندا بۆ ئەوەی هاوكاری مرۆیی رەوانەی فەڵەستین بكات.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.

بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 16 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، چوار هەزار و 651 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون کە هەزار و 873ـیان منداڵن و هەزار و 23ـیان ئافرەتن و 187ـیان بە ساڵاچوون و 14 هەزار و 245 کەسی دیکەش برینداربوون.

تەندروستی غەززە رایگەیاندووە، 70%ـی قوربانییەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، ژن و منداڵن.