تاوەکو ئێستا 34 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی گەیشتوونەتە غەززە

دووەم کاروانی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەی (رەفەح)ەوە گەیشتە غەززە
دووەم کاروانی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەی (رەفەح)ەوە گەیشتە غەززە

K24 - هەولێر

دووەم کاروانی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەی (رەفەح)ەوە گەیشتە غەززە؛ تاوەکو ئێستا 34 بارهەڵگر لە هاوکاری مرۆیی گەیشتوونەتە غەززە و بە سەدانی دیکەش چاوەڕێن دەربازی شارەکە ببن. بایدن و ناتانیاهۆش لەسەر بەردەوامی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان رێککەوتن.

میسڕ و ئیسرائیل رێککەوتن لەسەر ئەوەی هاوکاری مرۆیی لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە بگەیەندرێنە غەززە و خەڵکی سڤیلی ئەو شارە لەو دۆخە خراپەی تێیدان رزگاربکرێن. بەگوێرەی رێککەوتنەکەش مانگی سووری میسڕ و نەتەوەیەکگرتووەکان سەرپەرشتی دابینکردن و دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان دەکەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان نوێترین ئاماری لەسەر دۆخی غەززە بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، دووەم کاروانی مرۆیی لە میسڕەوە گەیشتووەتە کەرتی غەززە. لە یەکەم کاروان 20 بارهەڵگر چوونەتە ناو غەززە؛ دەرمان، خۆراک و ئاوی خواردنەوەشیان بۆ 22 هەزار کەس دابینکردووە. کاروانی دووەمیش لە 14 بارهەڵگر پێکهاتووە و لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە گەیشتووەتە غەززە.

لە دەستپێکی شەڕ و پێکدادانەکانەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە غەززە ئاوارە بوون، لەو ژمارەیەش 406 هەزاریان لە شێڵتەرەکانی ئۆنروا دەمێننەوە.

لە 9ی ئۆکتۆبەر و دوای دوو رۆژ لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاشکرایکرد، بە تەواوی گەمارۆیان خستووەتە سەر غەززە و هەموو خزمەتگوزارییەکانی شارەکەیان بڕیوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش زیاتر لە دوو ملیۆن کەس بێ خزمەتگوزارین و ئاو و کارەبا و خۆراک و سووتەمەنیان نییە.

کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا) بڵاویکردەوە، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتە و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆخی غەززەیان تاوتوێ کردووە و رێککەوتوون لەسەر ئەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە بەردەوامبن.