هەدەپ: پرسی کورد بە نهێنی چارەسەر ناکرێت

هەدەپ رەتیدەکاتەوە لەگەڵ ئاکپارتی دانووستاندنیان کردبێت

K24 - هەولێر

هاوسەرۆکی نوێی هەدەپ رەتیدەکاتەوە، دانوستانیان لەگەڵ ئاکپارتی کردبێت و ئامادەشن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆببنەوە.

چەند رۆژێک پێش ئێستا لە جەند شوێنێک بڵاوکرایەوە کە هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (هەدەپ) و پارتی دادوگەشەپێدان (ئاکپارتی) پارتی دەسەڵاتدارتی تورکیا دانوستان لەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکەن و هەردوولا گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام هاوسەرۆکی هەدەپ رەتیدەکاتەوە دانوستان لەنێوانیان هەبووبێت.

تونجەر باکرهان، هاسەرۆکی هەدەپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هیچ گفتوگۆیەک لەنێوان هەدەپ و ئاکپارتی دا نەبووە، نە لەسەر چارەسەری پرسی کورد و نە لەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.

هاوسەرۆکی هەدەپ ئەوەشی خستەڕوو، ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەر لایەنێک دانوستان بکەن، بە مەرجێک ناوەڕۆکی دانوستانەکان بۆ رایگشتی ئاشکرا بکرێت.

تونجەر باکرهان راشیدەگەیەنێت، "پرسی کورد بە شێوازی نهێنی چارەسەر ناکرێت، بەڵکو دەبێ بە راشکاوانە و ئاگاداری رایگشتییەوە چارەسەر بکرێت".