لە چەند رۆژی داهاتوودا پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

لۆگۆی پارتی و یەکێتی
لۆگۆی پارتی و یەکێتی

K24 – هەولێر:

بڕیارە لە چەند رۆژی ئاییندەدا پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی گەڕێکی سەردانەکانی سەرکردایەتی نوێی یەکێتییە لە دوای ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەم، کۆمەڵێک دۆسییەی ناوخۆیی و عێراقی هەن بڕیار وایە ئەم دوو حزبە گفتوگۆی لە بارەوە بکەن، ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەکە کراوە و ئەوەی ماوەتەوە دیاریکردنی وادەکەیەتی.

بڵند ئیسماعیل،  ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ساڵی رابردووە تا ئێستا چەندین دەستپێشخەری راگەیەندراوە، لەناو کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرۆک بارزانی چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە لاپەڕەیەکی نوێ بکرێتەوە، هەروەها لە یەکەم کۆبوونەوەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان دیسانەوە جەنابیان داوای کرد سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بکرێت.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، داوامان لێکراوە کاتێ سەردانی لایەنێک دەکەین ئەگەر دەرگاشی بەسەرماندا نەکردووە پێویستە جارێکی دیکە سەردانی بکەینەوە، گوتیشی: ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەین هەموو شتێک بە رێککەوتن و لێک نزیکبوونەوە بێت و، ناکرێت حزبەکان لەگەڵ یەکتر دانەنیشن.

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، بڵند ئیسماعیل باسی لەوە کرد، بەلای پارتییەوە زۆر گرنگە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

لەلایەن خۆیەوە، رێباز بێرکۆتی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە کوردستان24ـی گوت: پێویستە ئێمە و پارتی هەردوولامان جارێکی دیکە بە رێککەوتنەکانمان دا بچینەوە و دووبارە کۆببینەوە، بارودۆخی دۆخی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لەسەر ئاستی عێراق بە جددی وەربگیرێت و قسەی لەسەر بکرێت و، بڕیاری گرنگ و پێویستی لەبارەوە بدرێت.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هەڵبژاردن یەکێکە لە بابەتە گرنگەکان و پێویستە لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت

رۆژانی داهاتوو لە چاوەڕوانی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیدان، سەرکردایەتی نوێی یەکێتی لەگەڵ پارتی دەچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، هیچ کاتێکیش وەک ئێستا، کورد پێویستی بە گفتوگۆ نەبووە، کاتەکە هێشتا دیارینەکراوە، بەڵام ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەکە کراوە و لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجامدەدرێت.

پەیوەندی دوو قۆڵی، دۆخی سیاسی ناوخۆ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و دروستکردنی یەک گوتاری هاوبەش، گرنگترین دۆسییەکانی سەر مێزی کۆبوونەوەی داهاتووی پارتی و یەکێتین.

رۆژی 25 شوباتی ساڵی داهاتوو، وەک وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، کۆمیسیۆنی عێراق ئەرکی بەڕێوەبردنی پرۆسەکەی لە ئەستۆیە و دەستی بە ئامادەکاریی کردووە، بەڵام ئێستا هەمووان چاوەڕێی دادگای فیدڕاڵیی عێراقن ئاخۆ لەسەر سکاڵاکەی یەکێتی سەبارەت بە پێنج کورسییەکەی پێکهاتەی تورکمان چ بڕیارێک دەدات.