بەڕێوەبەری رۆشنبیری دهۆک: رەزامەندی وەرگیراوە بۆ دابینکردنی تێچووی فێستیڤاڵی دهۆکی نێودەوڵەتی بۆ فیلم

ئەمیر عەلی، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری دهۆک
ئەمیر عەلی، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری دهۆک

K24 – هەولێر:

ئەمیر عەلی، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆک رایگەیاند:"رەزامەندی وەرگیراوە بۆ دابینکردنی تێچووی خولی دەیەمی فێستیڤاڵی دهۆکی نێودەوڵەتی بۆ فیلمی سینەمایی.

ئەمیر عەلی، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری دهۆک لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژانەی پارێزگایدهۆک رایگەیاندووە، لە نێویدا دابینکردنی بودجەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەمای دهۆکە.

بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری دهۆک ئاشکرای کرد، ئەوان ئامادەکاری پێشوەختەیان کردووە، هەروەها فیلمەکان لە ناوخۆ و بیانی وەرگیراون، هاوکات قۆناغەکانی دیش ئامادەکراون بە دابینکردنی تێچووی فێستیڤاڵەکە، گوتیشی: دەست بە جێبەجێکردنی کارە لۆجستیەکان و رێکخستن و دابینکردنی  شوێنی داواکراوان و میوانان دەکەین، بەو هیوایەی چەند گەڕێکی دیکەی فێستیڤاڵی سینەمایی بە سەرکەوتوویی بگێڕین لە رۆژانی 9ـی تا وەکو 16ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ.