رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق زیادیکردووە

K24 - بەغدا

رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراقدا گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار، بەگوێرەی نوێترین ئاماری ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، لە ھەر كاتژمێرێكدا ھەشت ژن و مێرد لە یەكتر جیادەبنەوە.

پارێزەر و توێژەران ئەو رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق بە ترسناك وەسف دەكەن، لەوباوەڕەدان لە ساڵانی داھاتوودا رێژەكە زیاتریش دەبێت، ئەگەر ھۆكارەكان چارەسەر نەكرێن. پارێزەرێک پێی وایە خراپی رەوشی ئابووری ھۆكارێكی سەرەكی زۆربوونی حاڵەتەكانی جیابوونەوەیە.

سەرەڕای كێشە و قەیرانەكانی عێراق، کێشەیەکی هەڵکشانی ئاماری جیابوونەوەی هاوسەران بووەتە کێشەیەکی دیکەی کۆمەڵگە، کە رەنگە لە ئایندەدا کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیاتر دەربكەون، وەک كە لە ھەر كاتژمێرێكدا ھەبوونی 8 حاڵەتی جیابونەوە، رەشا عیماد، ژنێکی دانیشتووی بەغدایە وەکخۆی دەڵێت یەکێکە لەو کەسانەی "بەهۆی خیانەت و توندوتیژی خێزانییەوە لە ھاوسەرەكەی جیابووەتەوە".

رەشا، لەبارەی کێشەی خۆی و هاوسەرەکەی بۆ کوردستان24 دوا و گوتی: " ماوەی  13 ساڵ بوو هاوسەرگیریمان كردبوو، زیاتر لە جارێک دەرفەتم پێدا، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو ، حەوت مانگ دانیشتنی دادگامان هەبوو، دەرفەتم پێدا زیاتر لە جارێک بۆ ئەوەی ھەڵەكانی دووبارە نەكاتەوە و لێم نەدات و خیانەتم لێ نەكات، بەڵام سوودی نەبوو".

بەگوتەی پارێزەر و پسپۆڕانی یاسایی، رێژەی جیابوونەوەكان مەترسیدارە، كاریگەری ئابووری ھۆكاری سەرەكی زۆربەی جیابوونەوەكانە.

زافر ئەلزەرفی پارێزەر، دەڵێت: "لەو بابەتەدا لایەنی ئابووری کاریگەری سەرەکی ھەیە، نزیکەی 80%ی كەیسەكان ھۆكارەكە ئەوەیە كە خێزانە عێراقییەكان خانووی سەربەخۆیان نییە، و دەبێتە ھۆی دروستبوونی كێشە و  هەڵوەشاندنەوەی خێزان و جیابوونەوە".

بە پشتبەستن بە دوایین ئاماری ئەنجومەنی باڵای دادوەری، رێژەی جیابوونەوە گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار، کە لە ھەر کاتژمێرێکدا هەشت ھاوسەر لەیەك جیادەبنەوە، ئەم رێژەیە بە گوتەی چاودێران، ئەگەری هەیە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا دوو هێندە زیاد بکات ئەگەر دۆخەکە وەکخۆی بمێنێتەوە.