33 هاووڵاتی عێراقی و سووری بەتۆمەتی داعش بوون لە تورکیا دەستگیر کران

K24 - هەولێر

هێزەکانی دژە تیرۆری تورکیا لە هەڵمەتێکی ئەمنیدا لە ئەنقەرەی پایتەخت، 33 هاووڵاتی عێراقی و سووری سەر بە رێکخراوی داعشیان دەستگیر کرد.

لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی ئەنقەرەدا هاتووە، هێزە ئەمنییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی دژە تیرۆر، هەڵمەتێکی ئەمنییان ئەنجامداوە و هەڵیان کوتاوەتە سەر 39 شوێن لە سەرتاسەری پایتەختی تورکیا، بۆ دەستگیرکردنی 39 ئەندامی داواکراوی داعش.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئەنجامی ئەو هەڵمەتانەدا 33 داواکراو دەستگیرکراون، کە 31 عێراقی و دوو سووریین، هەروەها گەڕان بەدوای شەش کەسی دیکەشدا تا ئێستا بەردەوامە.

لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی ئەنقەرە جەخت لەوەکراوەتەوە، کە دەستگیرکراوەکان دوای تەواوبوونی رێکارە ئەمنییەکانیان رەوانەی ناوەندێکی دیپۆرتکردنەوە لە ئەنقەرەی پایتەخت دەکرێن.

هەفتەی رابردوو عەلی یەرلی کایا وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە هەڵمەتێکدا دەستگیرکردنی 17 کەسی راگەیاند بە تۆمەتی دابینکردنی دارایی بۆ رێکخراوی داعش.

گوتیشی: لە میانی هەڵمەتەکاندا دەست بەسەر بڕە پارەیەکی زۆری لیرەی تورکی و دۆلار و یۆرۆ داگیراوە، جگە لە بەڵگەنامە دۆکیۆمێنتە دیجیتاڵیەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی بەتۆمەتی پارەدارکردنی داعش دەستگیرکراون، بڕیاردراوە سەروەت و سامانەکانیان بلۆکک بکرێن.

دەسەڵاتدارانی تورکیا لە سەرەتای ساڵی 2017ەوە تا ئێستا هەڵمەتە ئەمنییەکانیان دەستپیکردووە لە دژی رێکخراوی داعش، کە لە ئەنجامدا هەزاران ئەندامی ئەو رێکخراوە دەستگیرکراون.