سه‌رۆكی هه‌رێم و كونسوڵی گشتی چین تاووتوێی پێشهاته‌كان و دۆخی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و كونسوڵی گشتی چین له‌ هه‌رێمی كوردستان، تاووتوێی دۆخی ناوچه‌كه‌ و بره‌ودانی پەیوەندییەكانی چین لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 24ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ لیۆ جیۆن كونسولی نوێی كۆماری چینی میللی، پیرۆزباییی دەستبەكاربوونی لێكرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست، هەروەها هەموو پشتیوانییەكی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی ئەركەكەی، دووپاتكردەوە.

هەردوولا باسیان لە پەیوەندییەكانی چین لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و جەختیان لە ئامادەیی و خواستی دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەكان و فراوانكردنی بوارەكانی هاریكاریی هاوبەش كردەوە.

هەر لەمبارەیەوە كونسولی گشتیی چین ئاماژەی بە پلانی داهاتوویان كرد بۆ كردنەوەی بەشی خزمەتگوزاریی ڤیزا و دروستكردنی بینای كونسوڵخانەیان لە هەولێر.

تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكان و دۆخی ناوچەكە بەگشتی، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

657